ئەمریكا بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلار قەرز دەداتە عێراق

ناوەندی هەواڵەكان

كۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكا (DFC) و ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) بە ئامادەبوونی سوودانی ڕێككەوتنێكی قەرزیان بە بەهای ٥٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ عێراق واژۆكرد، بە ئامانجی فراوانكردنی ڕێگاكانی پێدانی پارە بۆ خاوەنكارانی عێراق.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی واژۆكردنی ڕێككەوتنێك لە نێوان عێراق و ئەمریكا، بە مەبەستی پێدانی دەیان ملیۆن دۆلار بە عێراق بەشێوەى قەرز، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، لە پەراوێزی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەمریكا، بە ئامادەبوونی سكۆت ناتان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكی و باسم خەلیل سالم، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری بانكی نیشتمانی عێراق، ڕێككەوتنێكی قەرزیان بە بەهای ٥٠ ملیۆن دۆلار واژۆكرد، بە ئامانجی فراوانكردنی ڕێگاكانی پێدانی پارە بۆ خاوەنكارانی عێراق.

باسم خەلیل سالم ڕایگەیاندووە، شانازی دەكەین یەكەمین بانكی بازرگانیین لەسەر ئاستی عێراق ڕێككەوتنی قەرز لەگەڵ كۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكا و ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی واژۆ دەكەین، ئەم هاوبەشییەش بە گرنگ دەبینین و دەرفەتێكی ناوازەیە بۆ پاڵپشتیكردنی گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان لە عێراق.

سكۆت ناتان ڕایگەیاندووە، كۆمپانیاكەیان پابەندە بە زیادكردنی توانای ئابووری عێراق و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت لە ڕێگەی پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەكان.

هەروەها، ئێلیس جێنسن، بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی USAID لە عێراق وتی، دەستڕاگەیشتن بە دارایی بزوێنەری سەرەكییە لە پرۆسەی داهێنان و گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی كار، بۆیە پاڵپشتیی USAID وا دەكات بانكە تایبەتەکان بتوانن بەسەر ئاستەنگەكانی نەختینەییدا زاڵ بن.

ئەیمەن ئەبودهیم، بەڕێوەبەری كارگێڕی بانكی نیشتمانی عێراق باسى لەوەکردووە، حكومەتی عێراق پابەندە بە درووستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەسەندن و بەهێزكردنی ڕۆڵی كارگە بچووك و مامناوەندەكان، ئێمە دڵنیاین ئەم هاوكارییە پاڵپشتی درووستكردنی ئابوورییەكی گشتگیرتر دەبێت لە عێراق.

وتیشی، پێشبینی دەكرێت ئەم قەرزە یارمەتیدەر بێت لە زیادكردنی دەرفەتەكان بۆ كۆمپانیا بچووكەكانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی دارایی لە ڕێگەی گەورەترین بانكی كەرتی تایبەت لە عێراق، ئەم دەستپێشخەرییە ئەولەویەت دەدات بەو پرۆژانەی ژنان خاوەندارێتی دەكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.