ئایا ڕێككەوتنەكانی سوودانی لەگەڵ ئەمریكا پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمانی هەیە؟

ناوەندی هەواڵەكان

شارەزاییەكی یاسایی ڕایگەیاند، سەرجەم یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن و گرێبەست و ڕێككەوتنە واژۆكراوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن بە گرنگ دەزانین، ئەو ڕێككەوتنانەش بەپێی ماددەی دووەمی یاسای گرێبەستی ڕێككەوتنەكان ئەنجامدراوە و پێویستیان بە ڕەزامەندی پەرلەمان نییە.

عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی لە بارەی واژۆكردنی چەندین ڕێككەوتنی گرنگی نێوان عێراق و ئەمریكا و پێویستی گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عەلی تەمیمی ڕایگەیاندووە، لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندا هەیە، ڕێككەوتننامە و گرێبەست و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن بەپێی ماددەی دووەمی یاسای گرێبەستی ڕێككەوتنەكان بە ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠١٥ واژۆ بكات، بۆیە پێویستیان بە ڕەزامەندی پەرلەمان نییە.

ئاماژەى بەوەشكرد، لە ماددەی پێنجەمدا سەرۆك وەزیران بە نوێنەری فەرمی عێراق دادەنرێت، هەروەها لە ماددەی ٧٨ـی دەستووری عێراق ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە، كە سەرۆك وەزیران بەرپرسی جێبەجێكاریی سیاسەتی گشتی وڵات و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و مافی ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتن و گرێبەست و یاداشتانەی لێكتێگەیشتنی هەیە.

باسی لەوەشكرد، لە یاسای نێودەوڵەتیدا جیاوازییەكی بەرچاو لەنێوان گرێبەستەكە و ڕێككەوتنەكەدا نییە.

ماوەی هەفتەیەكە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری لە ئەمریكا بوون، لەو ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانى ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، هەروەها لەم ماوەیەدا ١٨ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە كەرتی وزە و ئابووری و گەشەپێدان واژۆ كرا.

هـ.ئ

Comments are closed.