ناوەندی هەواڵەكان
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بە مەبەستی تاوتوێكردنی سكاڵایەكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و وەزیری ناوخۆ كۆببێتەوە، بە تۆمەتی ڕێگریی كردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی بڕیارە ئەمڕۆ دادگاكە لە بارەی چەند سكاڵایەكەوە كۆبیێتەوە، یەکێک لەوانەش تایبەتە بە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان.
بەپێی خشتە دادگای فیدراڵى، ئەمڕۆ دادگاکە بە مەبەستی تاوتوێكردنی سكاڵایەكی ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كۆدەبێتەوە، كە تێیدا داواكراوە هەرێم ناچار بكرێت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان.
سكاڵاكە لەلایەن ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەسەر هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ماوەبەسەرچووى هەرێم و مەسرور بارزانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ تۆماركراوە.
لە سكاڵاكەدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات ئەو كێشەیە یەكلایی بكاتەوە، كە لە ئەنجامی جێبەجێ كردنی بڕیاری ژمارە ٢٤٠٠٧ـی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە درووست بووە و ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر كراوە بە جێبەجێ كردنی بڕیارەكە پابەند بكرێن.
لە سكاڵاكەدا ئیڤان فایەق داوا دەكات ئەوانەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە ڕەزامەندبن بە جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وردەكارییەكانی و سەبارەت بە ئاوارەكان، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان.
لە سكاڵاكەیدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق باسی لەوەكردووە، هەرێمی كوردستان ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی عێراق ئاماژەیان بەوەكردووە، بەرپرسانی پەدەكە ڕێگری دەكات لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، بە مەبەستی بەكارهێنان لە هەڵبژاردنەكان و بەدەستهێنانی پارە لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
هـ.ئ
Comments are closed.