سوودەکانى وەرزشکردن بۆ تەندرووستى دڵ کامانەن؟

ناوەندى هەواڵەکان

‎دکتۆر سوارە عەلی دەڵێت، وەرزشکردن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندرووستی دڵ بەجۆرێک وەرزشکردنی بەردەوام ماسولکەکانی دڵ بەهێز دەکات و بردنی خوێن بۆ سەرتاسەری جەستە باشتر دەبێت. ئەمەش باری کارکردن لەسەر دڵ کەمدەکاتەوە و ئەگەری سستبوونی دڵ کەمدەکاتەوە.

‎دکتۆر سوارە عەلی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەكان لە نووسینێکدا ئاماژە بە سوودەکانى وەرزشکردن بۆ تەندرووستى دڵ دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە.

سوودەکانى وەرزشکردن بۆ تەندرووستى دڵ کامانەن؟

وەرزشکردن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندرووستی دڵ.

یەکەم- بەهێزی دڵ، وەرزشکردنی بەردەوام ماسولکەکانی دڵ بەهێز دەکات و بردنی خوێن بۆ سەرتاسەری جەستە باشتر دەبێت. ئەمەش باری کارکردن لەسەر دڵ کەمدەکاتەوە و ئەگەری سستبوونی دڵ کەمدەکاتەوە.

 دووەم- ڕێکخستنی پەستانی خوێن، وەرزشکردن یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر دڵ و ئەگەری تووشبوون بە بەرزی فشاری خوێن کەمدەکاتەوە، کە هۆکارێکی سەرەکی مەترسییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

سێیەم- دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ، چالاکیی جەستەیی ئاستی کۆلیسترۆڵی (باشە) زیاد دەکات لە هەمان کاتدا ئاستی کۆلیسترۆڵی (خراپ) دادەبەزێنێت. ئەم هاوسەنگییە بۆ کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی چەوری لە خوێنبەرەکان زۆر گرنگە، کە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و جەڵتەی دڵ.

چوارەم- دابەزاندنی کێش، وەرزشی بەردەوام یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کێشێکی تەندرووست، ئەمەش گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

پێنجەم- کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن، وەرزشکردن هەستیاری ئەنسۆلین باشتر دەکات و یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن.

شەشەم- کەمبوونەوەی هەوکردن، هەوکردنی درێژخایەن پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە. وەرزشکردن یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.

حەوتەم- کەمکردنەوەی فشار، وەرزشکردنی بەردەوام دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، کە هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.

ئ.م

Comments are closed.