لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان “کەجەدەکە-ئە” داوا دەکات گەل ڕوو بکەنە گۆڕەپانەکان

ناوەندی هەواڵەکان

کەجەدەکە-ئە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی پەدەکە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی، دەستی بە هێرش بۆسەر مەتینا کردووە و ئەم هێرشە بۆسەر تەواوی گەل و بەهاکانی کوردستانە، بۆیە داوا دەکەین گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک دەنگ بەرز بکاتەوە و ڕوو لە گۆڕەپانەکان بکات.

کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتییەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا-کەجەدەکە-ئە، لە بارەی هێرشێکی نوێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر مەتینای هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە-ئەدا هاتووە، دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر هەڵوێستی ملیۆنان مرۆڤ لە هەڵبژاردنی ٣١ـی ئادار، بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتە دۆڕاوەکەی لەسەر پێ ڕابگرێت، لەگەڵ پەدەکە لە مەتینا دەستی بە هێرشی داگیرکاری کردووە و جارێکی دیکە ڕووی دوژمنکارانەی خۆی بەرامبەر بە کوردان نیشانداوە.

باسیان لەوەشکردووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمڕۆش لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دژی گەریلاکان کە لەپێناو شکۆمەندی گەلی کوردستان تێدەکۆشن، بە پشتیوانی پەدەکە دەستی بە هێرشێکی داگیرکاری کردووە، هێرشەکە بۆسەر تەواوی گەل و بەهاکانی کوردستانە، هەر کوردستانییەکی هۆگری خاک، بەها و گەلەکەی، دەبێت وەستانەوە لە دژی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە بکاتە ئەرکی نەتەوەیی و گوڕ بە تێکۆشان بدات.

دەشڵێن: ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە کە بە گیانی یەکێتیی نەتەوەیی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بپارێزرێن، بۆ پارێزگاری لە داهاتوو لە دژی سیاسەتی هێرش، کۆمەڵکوژیی و داگیرکەری دەوڵەتی تورک پەرە بە بەرخۆدان بدرێت.

لە کۆتاییشدا داوایان لە گەل و سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردستان کردووە، لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست کە بە پشتیوانی پەدەکە، بەرژەوەندیی و ئایندەی گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە ببینین، بۆ تێکشکاندنی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە لە هەموو شوێنێک دەنگ بەرزبکەنەوە و ڕوو لە گۆڕەپانەکان بکەن.

ب. جـ

Comments are closed.