ڕۆژنامەنووسێک: توندوتیژییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە

سلێمانی

ئەمڕۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییە، ڕووداو و بابەتەکانی ڕۆژانە بڵاو دەکرێنەوە سەلمێنەری ئەوەن، کە دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە باشوور بەرەو خراپتر دەڕوات و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: توندوتیژییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.

ئاماری رێکخراوەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان پێمان دەڵێن، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە خراپبوون دایە، چونکە هەرێمی کوردستان ژینگەیکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، بەجۆرێک ڕۆژنامەنووسان لەسەر کاری میدیای زیندانی دەکرێن، چەند ڕۆژێک بەر لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیش، ڕۆژنامەنووسێک لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەداوە ئەرکی پیشەیی جێبەجێبکات، سووکایەتییشیان پێکردووە.

ڕۆژنامەنووسێک نیگەرانە لەم دۆخەی بۆ ڕۆژنامەنووسان درووستبووە و دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ئازادییەکان بەرتەسک دەکرێنەوە، ژیانی ڕۆژنامەنووسان پارێزراو نییە، چونکە دەسەڵات بەبێ بوونی بریاری دادگاکان هەڵدەکوتێتە سەرماڵی  ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکات، ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی.

لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووس لەنیا بەختیار، کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە ڕێگریی لێکرا و هاوکات سووکایەتی پێکرا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەنیا لە سەرەتای وتەکانیدا وتی: ڕۆژانە و بە بەردەوامی ڕۆژنامەنووسان بۆ هەر کارێک بچنە دەرەوە پێشلکاریەکیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، جا پێشلکاریەکان جۆری هەیە پێشلکاری هەیە زارەکیە شتێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام هەیە دەگاتە ئاستی توندووتیژیی زۆر بەرز و ناتوانیت بێدەنگیی لێ بکرێت.

وتیشی: پەیامنێران، کە لەناو خەڵکی و لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندان، ئەوە وادەکات بەرکەوتنیان لەگەڵ گشت جۆرە کەسەیاتییەکاندا هەبێت “کەسانی ئاسایی و ئاسایش و هێزی ئەمنی”، بۆیە پەیامنێران بەردەوام دەکرێت ڕووبەڕووی پێشێلکاریی و توندوتیژییان ببنەوە.

باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان زۆرترین پێشێلکاریی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت و وتی: هیچ کاتێک نەبووە لە ڕووداوێکدا، کە هێزی ئەمنی لێبووبێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان پێشلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان نەکرابێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو هێزە ئەمنییانە یان چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیس یان ئاسایش بن ئەمانە پارێزەری هاوڵاتیانن و وتی: ئێمە چۆن ئەرکمان ئەوەیە پەیام بگەیەنین ئەوانیش ئەمنیەت و ئاسایش دەپارێزن، بەڵام بەو ئاڕاستەیە نا پێشێلی کار و مافی تێبکەوێت، بۆیە پێویستە هۆشیارییمان هەبێت بەرامبەر ئەرک و بەرپرسیارێتیی یەکتر.

لەبارەی دواین پێشێلکاریی کە بەرامبەر خۆی کرا وتی: بەر لەمجارە چەندان جاری دیکەش ڕووبەڕووی پێشێلکاریی بوومەتەوە، لەو ڕووداوەشدا وەک ئەرکی پیشەیی چوومە جێگەکە و دەستم بەڕووماڵ کرد، بەشێوەیەک ١٠٠مەتر لە شوێنی ڕووداوەکەوە دوور بووم، لەناکاو هێزیکی دەمامەکدار هەڵیانکوتایە سەرم، مۆبایلیان لێسەندم پێیان وتم ڤیدیۆکان بسڕەوە، باجی ڕۆژنامەوانییەکەم پیشاندا، بەڵام تەشهریان پێکردم و پێی وتم “چاوت دەرئەهات کە ڕۆژنامەنووسیت”،

لەنیا بەردەوامی بە وتەکانیدا و وتی: ئەگەر منیش بەهەمان شێواز وەڵامم بدایەتەوە قبووڵی نەدەکرد، لەبەرئەوەی “هێزی ئەمنییە”، ئێمە بەردەوام ڕووماڵ دەکەین ئەوان دێن پێشلکاری دەکەن، توندوتیژیەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە تیشکی خستەسەر ئەوەی، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەمەهانگ نین لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، نموونەی ئەوەی هێناوەیە بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە حکومەت تەنها دەزگاکانی نزیک لەخۆیان بانگدەکرێن، بۆیە کاتێک لەو ئاستەدا پێشێلکاریی و جیاکاریی هەبێت، دەبێت چاوەڕوانی چێ بکرێت.

باسی لەوەکرد، لەڕابردوودا چەندان ڕۆژنامەنووس بەهۆی پیشەکەیانەوە تیرۆرکراون، توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، ئێستاش بە ڕێگریی و جیاکاریی و سوکایەتی پێکردن ڕێگە لە کاری ڕۆژنامەنووسان دەگیرێت، دووپاتی کردەوە، کە ڕۆژنامەنووسی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێم لە دۆخێکی باشدا نییە.

ش.ئ

Comments are closed.