چالاکوانێکی سیاسی: ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ درێژەدانە بە داگیرکاری

سلێمانی

کاردانەوەکان لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە و چالاکوانێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق زیندووکردنەوەی ویلایەتی مووسڵە و دەشڵێت: ئەردۆغان دەیەوێت عێراق وا لێ بکات ڕازی بێت بە ئەنجامدانی داگیرکاریی و لەشکرکێشی بەردەوامی پێ بدات.

بڕیارە سبەینێ ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، کە چەندین دۆسییە لەنێوان هەردوولادا باس دەکرێت کە سەرەکیترینیان درێژەدانە بە داگیرکاریی لە خاکی عێراقدا.

ئاکۆ شێخ محەمەد، چالاکوانی سیاسی، لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی سەر باشوو و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها هاتنی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئاکۆ شێخ محەمەد وتی: گەلی کورد زۆربەی کات هەلی ئەوەی بۆ هاتووەتە پێش تا ببێت بە دەوڵەت، بەڵام هۆکاری نەبوونی بە دەوڵەت هەر خۆخۆری و نادروستی بیرکردنەوە و خراپ حوکمڕانی کردنی ئەوانە دەگەڕێتەوە، کە فەرمانڕەوای گەلی کوردیان کردووە و بوونەتە هۆکاری ئەوەی گەلی کورد نەتوانێت ببێتە خاوەنی دەوڵەت و ئاڵای خۆی.

ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی کورد جۆرە دڵسافییەکی هەیە، کە وای کردووە گەلانی دراوسێ هەردەم بەکاری بهێنن، بۆ ئەنجامدانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، عەرەب و دەوڵەتانی دیکە ئایینیان پێ بەخشیوە، بەڵام هیچ مافێکی دیکەیان پێ نەبەخشیوە، جگە لەوەی نەیان هێشتووە ئاڵایەکی هەبێت و هەردەم بەکاریان هێناوە لە ڕێگەی ئایین و دڵسافییەوە، سەرجەم دەوڵەتان توانیویانە ئایین بەکار بهێنن بۆ بەرەوپێشچوونیان بەڵام کورد نەیتوانیوە سوود لە ئایین وەربگرێت هاوشێوەی دەوڵەتانی دیکەی ئیسلامی، وەک چۆن باسکراوە تاکە گەل ڕاستگۆی تێدا بێت بەرامبەر خودا و ئایین ئەوا گەلی کوردە.

“ئامانج لەسەردانی ئەردۆغان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە بۆ سەر هەرێم”

ئەو چالاکوانە سیاسییە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دوایەیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سەردانیکردنی، ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وتی: ئامانج لەم سەردانە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێت ناوچەکانی مووسڵ بگەڕێننەوە بۆ سەر خۆیان و دووبارە ویلایەتی مووسڵ زیندوو بکاتەوە، پێویستە هەر دوو لایەنی دەسەڵاتی کوردی ئەمە قبووڵ نەکەن و دژی بن، ئێمە ئەو ئازادییەمان دەوێت، کە بۆ هەموو تاکێکی فارس و تورک بوونی هەیە.

“ئەردۆغان، ئایین بە کار دەهێنێت بۆ داگیرکەرییەکان”

هاوکات ئەو چالاکوانە سیاسییە، جەختی لەوەش کردەوە، ئەردۆغان، ئایین بە کار دەهێنێت بۆ داگیرکەرییەکان، کە لە هیچ شوێنێکی ئاییندا نەهاتووە، خودا زوڵم لە خەڵکی دەکات، ئەم سیناریۆیە زۆر ترسناکە پێویستە کەسانی دڵسۆز و ئەوانەی خەمی ئەم گەلەیان هەیە، بەرگری بکەن تا جارێکی تر کەسی دیکە نەبێتە قوربانی، هەروەها ڕێگریش لەم داگیرکەری و هێرشانە بکەن.

دەشڵێت: کەس لە ماڵ و موڵکی خۆی دڵنیا نییە بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمەی دەرهەق بە گەلی کورد دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، لە هیچ ئایینێکی ئاسمانیدا ئەم شتە بوونی نییە، کە تۆ کەسانی بێتاوان شەهید بکەیت و بکرێنە قوربانی.

“هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم هەرگیز بیریان لە خاکی کوردستان نەکردەوە”

ئاکۆ شێخ محەمەد، سەبارەت بەو حوکمڕانییەی، کە دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت بەهۆی نەزانی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانەوەیە و سیاسەتێکیان بەکار هێناوە، کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستووەتە پێش خاک و گەلەوە ئەمان، کە لە شاخەوە هاتنەوە بە عەقڵیەتی شاخەوە هاتنەوە و دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام دەبووایە بەو عەقڵیەتەوە بیریان نەکردایەتەوە، ئەمانە هەرگیز بیریان لە خاکی کوردستان نەکردەوە، وایان کرد لە ٪٥١ خاکی کوردستان لە دەست بدەن.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە سیاسییە روونیدەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم کوردستانیان کردووە بە زەوییەکی ئامادە بۆ هەر تۆوێک، کە دووژمنانی گەلی کورد بیانەوێت تێیدا بچێنن، وەک خۆی دەڵێت، ئەو هیچ هیوایەکی بەم دوو دەسەڵاتە نەماوە، کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، ئەمەش دە گەڕێتەوە بۆ ئەو حوکمڕانییە هەڵەیەی کە بەکاریان هێناوە لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا وایان کردووە خەڵکی هەرێمەکە متمانەیان پێیان نەمێنێت.

“ئەردۆغان دەیەوێت عێراق دەستوەردان لەو داگیرکارییە نەکات کە لە هەرێم ئەنجامی دەدات”

ئاکۆ شێخ محەمەد، وتیشی: ئەوەی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەردۆغان، بیری لێ دەکاتەوە و پیلانی بۆ داناوە لە داهاتوویەکی نزیکدا ویلایەتی مووسڵ زیندوو بکاتەوە، کاتێکیش کە دێتە عێراق دەیەوێت کاربەدەستانی عێراق وا لێ بکات، کە ئەو لەشکرکێشی و داگیرکەرییانەی، کە دەیەوێت ئەنجامی بدات لە باشووری کوردستان، عێراق وەک دەوڵەت دەستتێوەردانی تێدا نەکات.

لەکۆتاییدا داوا لە کاربەدەستانی عێراق دەکات، کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبن و ڕێگە نەدەن دەوڵەتی تورکیا سنووری ئاسمانی و خاکی کوردستان و عێراق بەکاری بهێنێت بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی.

هـ.ح

Comments are closed.