کۆمسیۆن وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی دیاریکرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هه ڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیی جیاوازییان دەبێت و لەۆدەنگدانی گشتیدا زیاتر لە هەزار ناوەندی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە.

ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەی بنکە و ناوەندەکانى دەنگدانی گشتیی و تایبەتى ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ جومانە غەللای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و ٢٩٨ وێستگەی دەنگدان و هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدانی بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی گشتیی تەرخانکردووە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، بۆ دەنگدانی تایبەت ٧٤٦ وێستگەی دەنگدان و ١٦١ ناوەندی دەنگدانیان پەسەند کردووە.

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان دابەشکردنی ناوەندەکانى دەنگدانى بەپێی پارێزگاکان بەمجۆرە دیاریکردوە.

لە هەولێر ٤٩٨ ناوەند و دوو هەزار و ٢٠٣ وێستگەی دەنگدان هەن

لە سلێمانی ٤٧٧ ناوەند و دوو هەزار و ٣٦٤ وێستگەی دەنگدان هەن

لە دهۆک ٢٦٤ ناوەند و هەزار و ٥٩٥ وێستگەی دەنگدان دیاریکراون

لە هەڵەبجە ٢٧ ناوەند و ١٣٦ وێستگەی دەنگدان دیاریکراون.

هـ.ح

Comments are closed.