چلەی ماتەمینی هونەرمەند جەمیل نەوسود هەورامی بەڕێوەچوو

هەڵەبجە

ئەمڕۆ چلەی ماتەمینی هونەرمەندی کۆچکردوو جەمیل نەوسود هەورامی بەڕێوەچوو، هونەرمەندانی هاوڕێی ئاماژە بەوە دەکەن، كۆچی هونەرمەند كەلێنكی گەورەی خستە نێو هونەری هەورامانەوە، بەهۆی ئەوەی دەنگی هونەرمەند وەك هەوێن وابوو بۆ گۆرانی هەورامی.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی دكتۆر مستەفا زەڵمی لەهەڵەبجە، سەندیكاری هونەرمەندانی كوردستان یانەو سیاچەمانە، بەئامادەبوونی هاوڕێ و دۆستانی هونەرمەند چلەی ماتەمینی هونەرمەند جەمیل نەوسودی بەڕێوەچوو.

سیروان حەمەحسێن هاوڕێی هونەرمەندی كۆچكردوو بۆ ڕۆژنیوز وتی: جەمیل نەوسودی كەسایەتی و كۆڵەكەیەكی گەورەی هونەری هەورامی بوو، هەرچەندە هونەرمەند نامرێت، چونكە دەنگ و گۆرانیەكانی هەر دەمێنن لەناو  خەڵكدا، ئەم چلەی ماتەمینیەی ئەمڕۆشمان بۆ ئاشناكردنی ژیانی هونەرمەندبوو، كە چۆن لەگەڵ خەڵكدا ژیاوە چی پەیامێكی هونەری گەورەی هەبووە بۆ خەڵكی، هەروەها خەڵك بزانێت كەسێكی كەممان لەدەستنەداوە، بەڵكو زانكۆیەكی گەورەی هەورامانمان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، كەسێك نیە لەپێشو یان لەدوای ئەوان جێگەی ئەو هونەرمەندانە بگرێتەوە، كەسانی دەگمەنی هەورامانن دوبارە نابنەوە، دەنگ و كەسایەتیان هەر نامرێت و دەمێنێت لەناو دڵی خەڵكیدا.

جەمال نارنجەڵەی  هاوڕێی هونەرمەندی كۆچكردو بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمڕۆ ماتەمینی خۆمان دەردەبڕین بۆ كۆچی دوای هونەرمەند جەمیل نەوسودی، جەمیل نەوسودی هونەرمەندی هەموو هەورامان بووە لەدڵ و ڕۆحی هەمومانەوە هەڵدەقوڵێت، گۆرانیەكانی ئاسودەی دەدات بەڕۆح، دەنگی هونەرمەند عوسمان هەورامی و جەمیل نەوسودی وەك هەوێن وایە بۆ هونەری هەورامان.

وتیشی: ڕۆشتنی جەمیل نەوسودی كەلێنێكی گەورەی خستە ناودڵی هەموانەوە، بەهۆی ئەوەی سەروەتێكی گەورەی هەورامان بوو، ڕۆحی گەنجەكان بەگۆرانی ئەوان ئاسودە دەبوو، دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم چلەی ماتەمەینیەوە ڕۆحی هونەرمەند بەزیندوی بهێڵینەوە لەناو دڵی خەڵكدا، هونەرمەند زۆر لەمە گەورەترە ئەمجۆرە چالاكیانەی بۆ بكرێت، ئەمڕۆ دەمانەوێت زیندوی ئەو هونەرە گەورەی هەورامان بكەینەوە.

جەمیل نەوسودی یەكێك بوو لە هونەرمەندە دیارەكانی ناوچەی هەورامان لەساڵی ١٩٤٨ لە گوندی نەوسودی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایبكبووە، لە ڕۆژی ٤ی ئاداری ڕابردوو كۆچی دوایكرد.

هـ.ح

Comments are closed.