بەبۆنەى ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی یارییەکی دۆستانەى ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو

سلێمانی

بە بۆنەی ١٢٦ مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی، لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا بە چەند چالاکییەک بەرز ڕاگیراو و تێیدا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ پەیامی خۆیان لەسەر دۆخی کاری ڕۆژنامەوانى لە هەرێم خستەڕوو، دواتریش یاریەکی دۆستانەش لە نێوان ڕۆژننامەنووسانی سلێمانی و کەرکووک بەڕێوەچوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژننامەنووسان و میدیاکاران، لە یاریگای زانکۆی کۆنی سلێمانی، مەراسیمێک بەڕیوەچوو، بە بۆنەی ١٢٦مین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بە ناوی “کوردستان” لە لایەن بەدرخانیەکانەوە، لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر.

سەرەتای مەراسیمەکه بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی قەڵەم لە کوردستان‌ دەستی پێکرد، پاشان وتاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی، هەروەها وتاری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ئازادیی و مافی ڕۆژنامەنووسان و وتاری ژنانی ڕۆژنامەنووس خوێنداریەوە، هەر لە مەراسیمەکەدا، هەڵبژاردەی وەرزشی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی و کەرکووک، لە یارییەکی دۆستانەدا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.

وتاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لقی سلێمانی لە لایەن کاروان ئەنوەر سەرۆکی سەندیکاوە خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: داواکارین لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ، یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی چالاک بکرێت، بەو چاکسازییەی ئێمەی ڕۆژنامەنووس داوای دەکەین، نەک ئەوە کە تەنها یاسایەک بێت بۆ کۆت و بەندکردن.

دواتر وتاری سەنتەری میترۆ لە لایەن شایی ئاسۆ خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە: تا ئێستا دەستبەسەركردنی ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری بەردەوامە و دەستنەگەیشتن بە زانیاری و شاردنەوەی، ئازار و ئەشكەنجەدان و هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان، شكاندن و دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلە ڕۆژنامەنوسییەكانیان ناونیشانی ئەو كردارانەن كە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوس و میدیاكانیان دەبێتەوە.

 میترۆ ئاماژە بەوەش کردوە، لە هەرێمی كوردستان ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی‌ و مافی زانیاری بە یاسای رۆژنامەگەری “ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧” ‌و یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری “ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣” پارێزاون، بەڵام بەردەوام لە گرژییە سیاسییەكاندا، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە، هەراسانكردن، لێدان، گرتن، و توندوتیژیی جۆراوجۆر دەبنەوە و بكەرانی ئەو كردارانەش لە سزادان دەربازیان بووە.

سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: سەرلەنوێ بە قووڵی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانەی سەر ڕۆژنامەنووسان بكات، كە بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنوسان‌و سوتانی كەناڵەكان بكاتەوە.

 هەروەها داواش دەکات، گەرەنتی بدات لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی رۆژنامەنووسان لەكاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانیاندا لەسەر مەسەلەكانی گەندەڵی‌ و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.

کۆتا وتار تایبەت بوو بە ژنانی ڕۆژنامەنووس، لە لایەن ژنە ڕۆژنامەنووس لەنیا بەختیارەوە خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: بنچنەی هەموو کۆمەڵگایەکی تەندرووست، بەندە بە ڕێژەی بەشداری ژنانەوە، ئێستا لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەیەکی زیاتری ژنانی دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن، لە ناو دەزگاو میدیاکاندا کار دەکەن.

وتیشی: ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، لەگە‌ڵ دەرکەوتنی ژنانی زیاتر لە کاری میدیایدا، پێشێلکاریەکان بۆ سەر خۆیان و کارەکانیان زیاتر بووە، هێشتا پۆستە باڵا و هەستیارەکان لە ناو  میدیاکاندا، لە لایەن پیاوانەوە قۆرخ کراوە، ئێمە وەکو ژنانی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر، داوا سەندیکا و ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هەوڵی چارەسەکردن و بنەبڕكردنی ئەو گرفتانە بدەن، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبنەوە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی و کەرکووک، لە یاریەکی دۆستانەی تۆپی پێدا، ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، یاریزانەکانی سلێمانی وێنەی شەهیدانی قەڵەم، لە سەر جلوبەرگە وەرزشیەکانیان‌ نەخشێندرابوو، وەکو وەفا و یادێک لە شەهیدانی قەڵەم، یاریەکە بە دوو بەرامبەر بە گۆڵێک، لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی کۆتایی هات.

هـ.ح

Comments are closed.