کۆبوونەوەى جڤاتى گشتیى کەنەکە بە ئەنجامنامەیەک لە هۆڵندا کۆتایی هات

ناوەندی هەواڵەکان

کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەی کورد (کەنەکە) لە شاری دەنهاگی هۆڵەندا کۆتایی هات و ئەنجامنامەیەک بڵاوکرایەوە و داوا لەلایەنە سیاسییە کوردییەکان و حکومەتى عێراق و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەن دژی هێرشەکانى تورکیا بووەستنەوە.

ماوەی دوو ڕۆژە جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەی کورد (کەنەکە) لە شاری دەنهاگی هۆڵەندا کۆبوونەوەى ٢٢یەمنی خۆی ئەنجامدا و ئەمڕۆش کۆتایی بەکارەکانى هێنا و ئەنجامنامەیەکی بەمجۆرەى بڵاوکردەوە.

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە کۆبوونەوەى ئەم دوو ڕۆژەدا بە ورد و درشتی هەڵوەستەکرا لەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر خاکی کوردستان هەیە، وەک جڤاتی گشتی ٢٢هەمینی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان تاوتوێی وردی ئەو بابەتانەمان کرد کە مەترسین بۆسەر خاکی کوردستان، پێکەوە دەڵێین “بمرێ داگیرکاری، بژی بەرخۆدانی کوردستان”.

کۆنگرەکە بەناوی نوێنەر و لایەنە سیاسەکانەوە بانگەواز بۆ هەموو لایەن و حزبە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتی بۆ لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان دەکەن، کە جارێکی تر ئۆپراسیۆنی داگیرکاری بۆسەر خاکی کوردستان دەستیپێکردوووە و دژی ئەو داگیرکارییە بووەستنەوە.

لە ئەنجامنامەى کۆتاییدا هاتووە: دژی هێزێکی کوردی یان بەشێکی کوردستان، هەموو جۆرەکانی هاوکاری لەگەڵ داگیرکەران لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئیدانە دەکەین، ئەنجومەنی گشتی جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە و داوا لە بەرپرسانی پارتی دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک بووەستێنن و دژی داگیرکارییەکان بووەەستنەوە.

کۆبوونەوەکە داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراو و ڕێکسختنەکانی کوردستان دەکات کە بە ڕۆحی نەورۆز کۆببنەوە و یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکەن و یەکگرتوو بن لە دژی هێرشەکانی داگیرکەران.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی عێراق کراوە کە ڕووبەڕووی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک ببێتەوە لە عێراق و بنکە سەربازییەکان بکاتە دەرەوە و کۆتایی بە داگیرکاری سوپای تورک بهێنێت.

لە هەمان کاتدا داوا لە دەوڵەتی تورکیا کرا واز لەو هەڕەشە و هێرشانە بهێنێت و بەرەو پڕۆسەی دیالۆگی ئاشتی و چارەسەری سیاسی بگەڕێتەوە.

 لە کۆتاییشدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە سەرەکییەکانی جیهان و خەڵکی جیهان دەکرێت کە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ببنەوە بۆ سەر کوردستان و پشتیوانی لە خەبات و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.