سۆما خالید: ڕاگەیاندنەکان نا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ژنان دەکەن

سلێمانی

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دەرکەوتنی ڕۆژنامەگەری کوردی، تا ئێستا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی جیاکاری جێندەری دەبنەوە و لە ژینگەی کاردا پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسان گیرۆدەی چەندین کێشە و گرفتن، ڕووبەڕووی هەڕەشە و گرتن و ئیهانەکردن دەبنەوە، ئازادیی لە کارکردن و دەستکەوتنی زانیاری و گەیاندنی سنووردار کراوە، سەرباری ئەو کێشە هاوبەشانەش ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڕەگەزەکەیان ڕووبەڕووی چەندەها پێشێلکاریی دیکە دەبنەوە، لەو بارەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕۆژنامەنووس سۆما خالید وتی: لە یادی ١٢٦ساڵەیی ڕۆژنامەگەریی کوردیی درود و ڕۆحی پاک بۆ شەهیدانی قەڵەم دەنێرم، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراون، کە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادیی ڕادەربرین.

ئاماژەی بەوەکرد، دەزگایەکی ڕاگەیاندن نییە بەرپرسەکەی یان خاوەنەکەی ژن بێت هەمیشە بە بچووکی سەیری تواناکانی ژنان دەکەن، بەو هۆیەشەوە ژنان ناتوانن تواناکانی خۆیان دەربخەن، کە ئەوەش بۆخۆی پێشلکارییە.

سۆما خالید ڕوونیشی کردەوە، کاتێک دیداری ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ کەسایەتییەکی سیاسیی یاخود بەرپرسێکی باڵا ساز دەکرێت، بەدەگمەن ژن وەک نوێنەری میدیاکان دەبنرێت.

وتیشی: کاتێک ژنە ڕۆژنامەنووسێک پێشلکارییەکی بەرامبەر دەکرێت زۆرجار بەهۆی پاڵپشتی خێزان یاخود بەهۆی سڵکردنەوە لە تانەی کۆمەڵگە ناتوانێت باسی بکات، بەو هۆیەشەوە لە کاتی تۆمارکردنی پێشلکارییەکان لەلایەن دامەزراوەکانی داکۆکیی کار لە ڕۆژنامەنووسان تۆمارناکرێن و باس ناکرێن.

دووپاتی کردەوە، چونکە لە هەرێمی کوردستان دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارانە بەڕێوە دەبرێن، بۆیە بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە ژنان دەکرێت، بەتایبەت لە هەواڵەکانی ژنکوشتن و توندوتیژیی بەرامبەر ژنان.

ش. ئـ

Comments are closed.