تاژێ هاتنی ئەردۆغان و داگیرکارییەکانی تورکیای شەرمەزار کرد

شنگال

ژنانی ئێزدیی بە پێشەنگایەتی تاژێ لە دژی سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر و هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، دەبێت لەسەر دەرکردنی سوپای تورکیا ڕێککەوتن بکەن.

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە سنونێی سەر بە شنگال، دژی سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر و هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

لە گردبوونەوەکەدا، وتەبێژی تاژێ ڕیهام حەجۆ سەردانەکەی ئەردۆغان و هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای شەرمەزار کرد و وتی: فراوانبوونی هێرشەکان لەگەڵ هاتنی ئەردۆغان، مایەی شەرمەزارییە بۆ عێراق.

ڕیهام بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کرد تێکەڵی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەبێت و وتی: داوا لە عێراق دەکەین دەست نەخاتە دەستی دەوڵەتی تورک، شنگال و باشووری کوردستان بەشێکن لە خاکی عێراق، هەموو ئەو شوێنانەی لەژێر هێرشدان بەشێکن لە عێراق، ئەگەر کۆبوونەوە هەبێت، دەبێت لەسەر بناغەی دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی عێراق بێت، دەسپێکردنی هێرشەکان لەگەڵ هاتنی ئەردۆغان، دەریدەخات سەردانەکەی خێری تێدا نییە و ڕێککەوتنێک هەیە.

ڕیهام ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پارتە سیاسییەکان و گەلی باشووری کوردستان دژی ئەم کارانە بێدەنگ نەبێت، پێویستە خەڵکی دهۆک و هەولێر و زاخۆ هەڵوێست دژی پەدەکە و دەوڵەتی تورک نیشان بدەن، باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە، هێرشی سەر پەکەکە واتای هێرشە بۆ سەر هەبوونی کوردان، چونکە پەکەکە هەبوون و ناسنامەی کوردان دەنوێنێتەوە.

ڕیهام داوای لە حکومەتی باشوور و عێراق کرد لەسەر دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی تورک ڕێککەوتن بکەن، جەختی کردەوە بێگومان بەرخۆدان سەردەکەوێت و وتی:بێگومان بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت و سەردەکەوین، هەرگیز سەر بۆ دوژمن نەوی ناکەین، خاوەنی ئەم خاکەین، ژنانی شەنگال هەرگیز سەریان نەوی نەکردووە، شەنگال بە ڕەنگ و بوێری ژنەوە بەرخۆدان دەکات.

گردبوونەوەکە بە درووشمی “بژی بەرخۆدانی گەریلا” و “بژی بەرخۆدانی شەنگال” و “ژن، ژیان، ئازادیی” و “بمرێ خیانەت” کۆتایی هات.

ب.گ

Comments are closed.