كەنەكە: شەڕە نوێیەكەی ئەردۆغان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ناوەندی هەواڵەكان

كەنەكە بڵاوی كردەوە، دوێنی دەوڵەتی تورك هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆ سەر باشووری كوردستان دەستپێكرد و چەقی هێرشەكە بۆ سەر دەڤەری مەتینای پارێزگای دهۆك بوو، دەشڵین، ئەردۆغان بۆئەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە، شەڕێكی نوێ دژ بە كورد هەڵدەگیرسێنێت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان- کەنەکە لە بارەی پلان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كورد و ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتی لە میانی هەڵبژاردنى ٣١ـی ئازاری شارەوانی توركیادا، ستپۆپێكی گەورەیان بە ئاكەپە و ئەردۆغان كرد و دووچاری شكستێكی گەورەیان كردەوە، ئەردۆغان، وەك هەر ڕژێمێكی دەسەڵاتدار پەیڕەوی لە سیاسەتێكی نێوخۆیی و دەرەكیی شەڕانگێز دژ بە كورد لە توركیا و سووریا و عێراقدا دەكات، ئەمەش هۆكاری هەڵئاوسانی ئابووری ساڵانەی توركیایە بە ڕێژەی  ٦٨.٥٠٪.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە، شەڕێكی نوێ دژ بە كورد هەڵدەگیرسێنێت، پێش ئەوەی سەردانی عێراق بكات، وڵاتەكەی خستە  ژێر فشارێكی زۆرەوە تاوەكو ڕێگەی بدرێت هەماهەنگی سەربازی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ داگیركردنی چەندین ناوچەى هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی داگیركەرییەكانی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دەوڵەتی تورك ڕۆژێك پێش سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هێرشی سەربازی لە هەرێم ئەنجامدا، دەیەوێ پیشانی عێراق بدات، كە “من چیم بوێت، دەتوانم بیكەم”، هەروەها دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، چونكە ئەو عێراق وەك ویلایەتێكی عوسمانی نوێ دەبینێت. ئەردۆغان دەیەوێت عێراق بكات بە هاوبەشی تاوانەكەی و ڕەوایەتی نێودەوڵەتی بداتە جەنگەكەی كە بە ڕەزامەندی عێراق ئەنجام دەدرێت.

باس لەوەشكراوە، یەكێك لەو كارتی فشارانەی ئەردۆغان وەك هەڕەشە دژی عێراق بەكاری دەهێنێت، دۆسێیەی ئاوە، چونكە توركیا بەنداوەكان بۆ گرتنەوەی ئاوی ڕووباری فورات، كە سەرچاوەی ژیانیی ئاویی عێراقە بەكاردەهێنێت، هەروەها ئەردۆغان وەك ڕێگەچارەیەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری دەیەوێت ڕێگەیەكی بازرگانی لە بەندەری فاوی بەسڕەوە بەناو ناوچە كوردییەكانی هەرێم و توركیادا بكاتەوە بۆ ئەورووپا.

دەشڵێن، سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بینینی سەرانی پەدەكە بە مەبەستی ئەوەیە، كە بەڕای گشتی بڵێت، هیچ كێشەیەكى لەگەڵ كورد دا نییە، بەمەش دەیەوێت نیاز و نیەتە ڕاستەقینەكەی لە هێرش بۆ سەر پەكەكە بشارێتەوە.

لە كۆبوونەوەی ٢٢مینی گشتی كەنەكەدا لە بنەمای ماددەی چواری پەڕاوی ستراتیژی نەتەوەییدا  دەڵێت: “هەر جۆرە هەماهەنگییكەی هەر حزبێك یا هێزێكی كوردی لەگەڵ داگیركەراندا دژ بە بەرژوەندی كورد، دەبێت لە ئاستی نەتەوییدا ئیدانە بكرێت، داوا لە پەدەكە دەكەین، هاوكاری و هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ ڕژێمی توركیدا بوەستێنن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سیاسەتی دەرەوەی توركیا تادێت زیاتر سەرنجی دەخاتە سەر قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی ناوچەكە، هەروەها سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاژاوەی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئێمە لە كۆبوونەوەی گشتی ڕۆژانی ٢١-٢٢ نیساندا، پێشوازی لە خەباتی ڕەوای بەرەنگاری گەریلاكانی پەكەكەی دژ بە داگیركاری توركیامان كرد و داوامان لە هەموو هێزە كوردییەكان كرد، كە بە یەكگرتووی باشوور و ڕۆژئاواى كوردستان لە هێرشی توركیا بپارێزن.

لە کۆتایدا هاتووە، داوا لە  لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەورووپا و كونسوڵی ئەورووپا و OSCE و ناتۆ دەکەین، داگیرکارییەکانى ئەردۆغان لەسەر حسابی قڕكردنی كورد بوەستێنن، چونکە كورد دوای ئەوە شكستی بە داعش هێنا، بووەتە سەرچاوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ ئەردۆغان سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی ڕازیكردنی عێراق بوو بۆ ئەوەی هێرش لە دژی گەریلا ئەنجام بدات، بەڵام عێراق بەهیچ شێوەیەك ڕەزامەندی لەسەر ئەو كارە دەرنەبڕیووە، دواتر ئەردۆغان لە هەولێرەوە كۆتایی بە گەشتەكەی هێنا و گەڕایەوە ئەنقەرە.

هـ.ئ

Comments are closed.