لە کەلار دیداری ساڵانەی ئەنفالی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو

گەرمیان

لە شارۆچکەی کەلار لە یادی ۳٦ ساڵەی تاوانی ئەنفال، دیداری ساڵانەی ئەنفالی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیانیش دەڵێت: لە دیدارەکەدا چەندین چالاکی زانستی ئەنجامدەدەین و ئامانجمان بە جینۆساید ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژیانەیە، کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدراوە.

ئومێد بەرزان،
ئومێد بەرزان،

ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە یادی ۳٦ ساڵەی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد، دیداری ساڵانەی ئەنفالی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو، بە مەبەستی زیاتر ناساندنی تاوانی ئەنفال و بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە.

لەوبارەیەوە ئومێد بەرزان، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: زانکۆی گەرمیان هەموو ساڵێک لە یادی تاوانی ئەنفالدا کۆمەڵێک کاروچالاکی ئەنجامدەدات، دەربارەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە لە ئەنفال و کیمیابارانکردن و تاوانەکانی دیکەش، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ دامەزراندنی سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان، بیرمانکردەوە، کە دیدارێکی فراوان ڕێکبخەین لە ماوەی دوو ڕۆژدا.

وتیشی، لە ڕۆژی یەکەمی دیدارەکەدا کۆمەڵێک چالاکی زانستی ئەنجامدەدرێت، لەوانەش گێڕانەوەی چەند چیرۆکێکی کەسوکاری ئەنفال و لەگەڵ ئەوەشدا گۆڤاری ژمارە یەکی جینۆسایدمان دەرکرد و نمایشکرا کە ژمارە سفری لە ساڵی ٢٠١٣ دەرکراوە، لەگەڵ پێشکەشکردنی دوو دیبەیت، کە هەموو کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کوردی تێدایە لە هەموو ناوچەکان، ئەوانەش پانێڵەکان پێشکەشدەکەن خۆیان قوربانی کۆمەڵکوژین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان لەم دیدارە ئەوەیە، کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ببەستین و پەیوەندی لەگەڵ هەموو سەنتەرەکانی جینۆساید درووسبکەین، هەروەها تاوانی ئەنفال بە دیکۆمێنت بکەین و بە جینۆسایدی بناسێنین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەوەی بیبەینە دادگای لاهایی و دادگای باڵای تاوانەکان و بڵێین، ئێمەش هاوشێوەی هەموو نەتەوەکانی دونیا کۆمەڵکوژ کراوین.

ئ.م

Comments are closed.