لە زانکۆی چەرموو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کتێبەوە پانێلێک بەڕێوەچوو

چەمچەماڵ

لە زانکۆی چەرموو بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کتێبەوە پانێلێکی زانستی بۆ سێ پانێلیست بەڕێوەچوو تیایدا باسیان لە گرنگی کتێب و خوێندنەوە کرد.

ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ، پانێلێکی زانستیی لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا بەڕێوەچوو.

سەرکەوت شەریف
سەرکەوت شەریف

لە سەرەتای پانێلەکەدا، سەرکەوت شەریف، مامۆستای زانکۆ باسی لە مێژووی کتێب و نووسین کرد و وتی: گەر کتێب نەبێ، مێژووش بوونی نابێ، چونکە مرۆڤ ڕووداوەکانی ژیانی دەنووسێتەوە و بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەبێت به مێژوو.

وتیشی: لە ئێستادا گرتە ڤیدیۆیی هەیە، وێنە هەیە، چەندین هۆکاری دیکەی بەمێژوو کردنی ڕوداوەکان هەیە، بەڵام کتێب بەرپرسیارێتییە، جیاوازی نێوان کتێب و هۆکارەکانی دیکەی بە مێژوو کردن بریتیە لەوەی کتێب میتۆدی تێدایە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەداخەوە کورد هەوڵی نەداوە مێژووی خۆی بنووسێتەوە، بەڵکو میللەتەکانی دیکە مێژووی کوردیان نووسیوەتەوە، کە میللەتی دیکەش مێژووی میللەتێکی دیکە بنووسێتەوە بە ویستی خۆی گۆڕانکاری تێدا دەکات.

دواتر، عەدنان ساڵەیی، مامۆستا، بە پێشکەشکردنی هۆنراوەیەک دەستی بە وتەکانی سەبارەت بە خوێندنەوە لە فۆڕمەوە بۆ ناوەڕۆک کرد.

عەدنان ساڵەیی
عەدنان ساڵەیی

ئاماژەی بەوەش کرد، هەمووان دەتوانن لە مۆبایلەکانیاندا هەر کتێبێکیان بوێت بەدەستی بهێنن، لەهەر ماڵێکدا، کە کتێبخانەی تێدایە ڕەنگە بەپێی تایبەتمەندییەتی کەسەکە کتێبی لە کتێبخانەکەیدا بوونی هەبێت، بەڵام لە مۆبایلەکاندا دەتوانرێت لەسەرجەم بوارەکاندا کتێب بەردەست بخرێت.

هەروەها ڕەخنەشی لەخوێندکاران گرت، کە ڕێژەیەکی کەمی خوێندکاران ئامادەبوون، ئەو مامۆستایە وتیشی خۆزگه لەم پانێلەدا منداڵانیشی تێدابوایە، تا منداڵەکانمان ڕابهێنایە لەسەر گرنگی خوێندنەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، مرۆڤ هەرکارێک دەکات بۆ ئەوەیە، کە سوودی بۆ خۆی و بۆ چواردەورەکەی هەبێت، کاتێک دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەیە سوودی بۆ خوی و بۆ چوار دەورەکەی هەبێت.

سەروەر سەعدوڵا
سەروەر سەعدوڵا

دواتر سەروەر سەعدوڵا، مامۆستای زانکۆ، بابەتێکی لە ژێر ناوی کتێب و وەرگێڕان پێشکەش کرد و بەهەمان شێوە ڕەخنەی لە خوێندکاران گرت، کە بەڕێژەیەکی کەم ئامادەبوون لە پانێلەکە.

سەروەر سەعدوڵا، باسی لە گرفتەکانی وەرگێڕان کرد و وتی: هەمیشه پرسیار دەکرێت بە کێ دەوترێت وەرگێڕ، لە گرفتەکانی وەرگێڕاندا جێبەجێ نەکردنی سیستەمی نووسین بەکار نیەت، یاخود بەکار نەهێنانی وشەسازیی.

لەکۆتایی پانێلەکەدا، ئامادەبوان پرسیاریان ئاڕاستەی پانێلستەکان کرد و گفتوگۆیەکی زانستییانەیان ئەنجامدا، دواتر کتێبێکی وەرگێڕدراوی سەروەر سەعدوڵا ناسێنرا و پێشکەشی ئامادەبوان کرا.

ب. جـ

Comments are closed.