کەنەکە: تورکیا هاوبەشی دەوڵەتی عوسمانییە و درێژە بە کۆمەڵکوژی و تاوان دەدات

ناوەندی هەواڵەکان

کەنەکە کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ـی لە دژی مەسحییەکانی ناوچەکە شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، تورکیا دوای ١٠٩ ساڵ هێشتا دان بەو تاوانەدا نانێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت تورکیا هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانییە و درێژە بە جینۆساید دەدات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لەبارەی کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ کە دەوڵەتی عوسمانی لە دژی مەسیحییەکانی نیشتەجێی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ ئەنجامیدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، لەو کۆمەڵکوژییەدا ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون، هەموو پێکەوە تاوانێکی گەوەرەی مرۆڤایەتییان بەڕێوەبرد، بە مەبەستی ڕیشەکێشکردنی مێژوویی و کولتووری گەلانی ئەرمەنی و ئاشوری-سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژییەکی فراوانیان بەڕێوەبرد، ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.

باسیان لەوەشکردووە، ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە، دوای ١٠٩ ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو ڕاستییەدا نانێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات، لە یادی ١٠٩ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان بەو تاوانەدا بنێت و داواکارییەکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێت.

ب. جـ

Comments are closed.