١٠٩ ساڵ دوای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەوڵەتى تورک دەست لە کۆمەڵکوژی هەڵناگرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژی ٢٤ نیسانی هەمووساڵێک یادی جینۆسایدی ئەرمەنەکانە کە لەلایەن دەوڵەتى عوسمانییەوە بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەوڵەتى تورکیا نەک دان بەو کۆمەڵکوژییەدا نانێت، بەڵکو بەهەمان عەقڵییەتى دەوڵەتى عوسمانى درێژە بە کۆمەڵکوژی دەدات.

١٠٩ساڵ بەر لەئێستا دەوڵەتى عوسمانی بە ئایدۆلۆژیایەکى ڕەگەزپەرستانەى توندڕەوەوە کەوتە کۆمەڵکوژکردنى ئەرمەنەکانی تورکیا بە دڕندانەترین شێوە کە تائێستا نموونەى نەبووە.

هەنگاوی یەکەمی ئەو کۆمەڵکوژییە بریتی بوو لە ڕاگواستن و دەرکردنیان لە زێدی خۆیان و لەسەر ماڵ و موڵکی خۆیان بە هەزاران ئەرمەنى بەرەو بیابانەکانی سووریا بە زۆر و بە ئەشکەنجە و بێ جلو بەرگ ڕایگوێزان، بەهۆی برسێتی و تینویەتی هەزارانیان لەڕیگا گیانیان لەدەستدا، لەپاڵ ئەوەشدا چەندین تاوانی دەستدرێژی سێکسی یان کردە سەر ژنەکانیان.

دەوڵەتە فاشیستەکەى ئاکەپە و مەهەپە کە ئیستا خۆی بە میراتگری عوسمانی دەزانێت دژی هەموو ئەو کەس و گرووپ و وڵاتانەش دەوەستێتەوە کە باس لەو کۆمەڵکوژییە دەکەن، نەک هەر نکۆڵی لە ڕوودانی ئەم تاوانە گەورەیە دەکات، بەڵکو تا ئەم ساتەش بەردەوامە لەسەر کۆمەڵکوژیی کوردان و بە هەموو ڕێ و ڕێبازیک کار لەسەر لەناوبردنى گەلی کورد و گەلانی دیکەى تورکیاش دەکات.

لەسەدەی نۆزدەهەمدا سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم بەیەکەم دەسەڵاتدار قڕکەری ئەرمەنەکان دادەنرێت، کە سەرەتا ئەو دەستی کرد بە لەناوبردنى ئەرمەنەکان و پێکهاتەکانى دیکەى وەک مەسیحی و ئێزدی و ئاشوورییەکان و هی تر.

ساڵی ١٩٠٥ وە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە تورکیا بوو بە کاری ڕۆژانەى دەوڵەتى عوسمانی و ڕۆژانە سەدان کەسیان لە ئەرمەنەکان کۆمەڵکوژ دەکران و بە گوولەبارانکردن و زیندە بەچاڵ و هەڵواسین و فڕێدانە خوارەوە لە شوێنى بەرز و چەندین تاوانى جۆراوجۆریان دژ بە ئەرمەنەکان ئەنجام دەدا.

لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا عوسمانییەکان سەدان گوندی ئەرمەنیان وێرانکرد و سوتاندیانن و خەڵکەکەی ڕاگوێزران، بەبیانووی ئەوەى کە ئەرمەنەکان دژی دەوڵەتى عوسمانى هاوکاری سوپای ڕووسیایان کردووە، ئەم بیانووە بووە خەنجەرێکی خوێناوی بەدەستى دەوڵەتى عوسمانى و سەدان هەزار ئەرمەنى لەناوبرد.

بڕیاری کۆمەڵکوژی گشتی ئەرمەنیەکان لە بەهاری ساڵی ١٩١٥ درا لە ٢٤ نیساندا عوسمانییەکان سەدان کەسایەتی بەناوبانگی ئەرمەنیەکانیان لە ئەستەنبوڵ کۆکردەوە و لە مەیدانەکانی شاردا بەبەرچاوی خەڵکەوە و بۆ ترساندنى ئەرمەنەکان و کوردەکان و نەتەوەکانى دیکە کۆمەڵکوژ کران.

دواتر کەسوکارو خێزانی ئەو کەسایەتییە ئەرمەنانەی کە لەو مەیدانەدا کۆمەڵکوژ کران بەرەو سووریا ڕاگوێزران، هەر ئەوەشنا، بەڵکو ژن و پیاو و منداڵەکانیان ڕووتکردەوە و بەبێ جل و بەرگ بەرەو سوریا ڕایانگواستن، لە ڕێگا سەدان ژن دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر و بەشێکیشیان کوژران، برسێیەتى و تینیویەتى خەڵێکی زۆری لە ئەرمەنەکان لە ڕێگا کردە قوربانی، بەهۆی ئەوەى سەربازە تورکەکان نەیاندەهێشت بۆ خواردن و ئاوخواردنەوە بووەستن و لابدەن.

هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی ڕوون و پشتڕاستکراوەی مێژوویی نییە، بەڵام بەپێی ئامارەکان لەسەر دەستى دەوڵەتى عوسمانى زیاتر لە ملیۆنێک ئەرمەنی کۆمەڵکوژ کران لەو ڕۆژگارەدا، دەوڵەتى تورک ئەم کۆمەڵکوژییە بچوک دەکاتەوە و ڕەوایەتى کوشتنیشان دەهێنێتەوەو دەڵێت، ژمارەى ئەو ئەرمەنانەى کە کوژراون تەنیا ٢٠٠ کەس بووە، ئەوانەش خیانەتیان لەدەوڵەتى عوسمانی کردووە.

ئەم پاساوەى دەوڵەتى ئێستای تورک جگە لەوەى پێچەوانەی ئامار و ڕاستییە مێژووییەکانە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئەو ئەرمەنیانەى کە کوژران ژن و منداڵیش کە نزیکن لە ژمارەى کوژراوانى پیاوەکان، هاوکات دەوڵەتى تورک تا ئەم ساتەش دژی هەموو ئەو دەوڵەتانە دەوەستێتەوە کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید و کۆمەڵکۆژی پەسەند کردووە.

ئەم سیاسەت و مامەڵەیەى دەوڵەتى عوسمانى بەرامبەر ئەرمەنەکان وایکرد، هەزاران ئەرمەنى بەرەو وڵاتانى ناوچەکە و ئەوروپا کۆچیان کرد و تورکیایان جێهێشت، تا ئەو کاتەى بەریتانیا هێرشی کردە سەر تورکیا، بەشێکی زۆری ئەو بەرپرس و فەرماندە سەربازیانەى کە دەستیان لە کۆمەڵکوژکردنى ئەرمەنییەکان هەبوو دەستگیرکردن و لەسێدارەی دان.

تا ئێستا ٢٥ دەوڵەت کۆنگرێسی ئەمریکاش دانی بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان وەک جینۆساید ناساندوە، هاوکات ڕیکخراوەکانی وەک (نەتەوە یەکگرتوەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا، ئەنجومەنی کەنیسەکانی جیهان، ڕیکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، کۆمەڵەی لاوانی مەسیحی، یەکێتی ڕیفۆرم خوازە یەهودیەکان، کۆمکاری وڵاتانی ئەمریکای لاتینی) کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانیان وەک جینۆساید ناساندوە.

ئەو دەوڵەتانەی دانیان بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکاندا ناوە بریتین لە (ئەرجەنتین، ئەرمینیا، بەلجیکا، کەنەدا ، قوبرس، فەرەنسا، یۆنان، ئیتالیا،لوبنان، هۆلەندا، پۆلەندا ڕووسیا، سوید، سویسرا، ، ڤاتیکان، ئەڵمانیا، بولغاریا، ڤاتیکان لەگەڵ ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە) و ٤٣ ویلایەت لە ئەمریکا .

لەساڵی ١٩٩٧ دا کۆمەڵەی جیهانی زانایانی جینۆساید (IAGS ) بەکۆی دەنگ کوشتاری ئەرمەنیەکانی لەلایەن عوسمانیەوە بەجینۆساید ناساند، هەروەها ژمارەیەکى زۆر لەزانکۆ گرووپ و ڕێکخراوە و دامەزراوە جیهانییەکان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە جینۆ ساید ناساندوە.

دەوڵەتى تورک بە هەمووجۆرێک نکوڵی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٥دا بڕگەی ٣١ـی بۆ یاسایەکی تایبەت بە نکوڵیکردن لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان زیاد کرد کە تێیدا هاتووە سزای ئەو کەسانە دەدرێت دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا بنێن یان باسی بکەن.

ئێستا دوای ١٠٩  ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەسەر هەمان زهنیەت و فکری کۆمەڵکوژی عوسمانییەکان مامەڵە لەگەڵ گەلی کورد دەکات و دەیەوێت کۆمەڵکوژیی بکات، بەڵام گەلی کورد بە ئازایەتی گەریلاکانى ئازادیی و شەڕڤانان لەسەر فکر و فەلسەفەى ڕێبەر ئۆجالان ئەو خەونەى عوسمانییەکان و میراتگەرەکانى ئێستای پووچەڵکردوەتەوە، ئەمڕۆ لەسەر دەستى گەریلا و شەڕڤانان و هێزەکانى دیکەى کوردپەروەر گەلی کورد لە لەناوبردن دەپارێزرێن.

هـ.ح

Comments are closed.