ژینگەپارێزان داوای پاراستنی ژینگەی گۆمی فێڵاو دەکەن

باڵەکایەتی

سەرباری جوانی و سەرنج ڕاکێشی سروشتی گۆمی فێلاو لە باڵەکایەتی، بەڵام بەھۆی ڕەچاونەکردنی ژینگەو سرووشتی سنوورەکە و نەبوونی چاودێری لەسەر گۆمەکە وای کردووە ژینگەی گۆمی فێڵاو بەتەواوەتی بشێوێت و دەووروبەری گۆمەکە پڕبێت لە زبڵ و خاشاک و سەوزایی گۆمەکەش تادێت بەرەو لەناوچوون دەچێت.

گۆمی فێلاو، کە یەکێکە لە گۆمە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی ھەرێمی کوردستان و ساڵانە بەھۆی جوانی سروشتەکەی گەشتیارێکی زۆر لە ناوەو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن، بەڵام بەھۆی  خراپ مامەڵەکردن لەگەڵی و فرێدانی پاشماوەی گەشتیاران و کردنەوەی ئاگر لەسەر سەوزایەکەی تادێت ڕەونەقی جارانی نامێنێت  و جوانیەکەی لەدەست دەدات.

ھۆشیار محمەد
ھۆشیار محمەد

ھۆشیار محمەد یەکێک لە ژینگە دۆست و گەشتیارەکانە دەڵێت: بەداخەوە بەشێکی زۆری گەشتیاران کە سەردانی فێلاو دەکەن سروشتی گۆمی فێلاو ناپارێزن و دەبنە ھۆی شێواندنی ژینگەی گۆمەکە، کە سروشتی گۆمەکە لە کەم شوێنی کوردستان ھەیە بەوشێوەیە جوانبێت، بەڵام کاتێک بۆ بینینی جوانیەکەی سەردانی دەکەن بەشێک لەو کەسانە دێن پیسی دەکەن و ژینگەی وێران دەکەن و دەگەڕێنەوە.

ھۆشیار داواکارە ھەرکەسێک سەردانی سنوورەکە دەکات ژینگەی ناوچەکە بپارێزێت و ڕێز لەو سرووشتەبگرێت کە ھاتووە ئارامی و چێژی لێوەرەگرێت، ھیچ کەسێک ئاگر لەسەر سەوزایی گۆمەکە نەکاتەوە چونکە بەشێکی زۆر بەوھۆیەوە سوتاوە و ناژێتەوە ئەوەش وا دەکات بەتەواوی جوانی گۆمەکە لەدەست بدرێت.

کەیوان معروف یەکێکی تر لەو گەشتیارانەیە کە بەمەبەستی بینینی جوانی گۆمەکە لە سنووری سلێمانیەوە ھاتووە دەڵێت: ڕێگایەکی زۆر دوورمان بڕیوە بۆ بینینی ئەم دیمەنە جوانانەی سنوورەکە بەتایەت گۆمی فێڵاو کە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان کردووە لە ھەموو شوێنێک، بەڵام بەداخەوە سروشتی گۆمەکە تادێت دەشێوێت و جوانیەکەی لەدەست دەچێت بەھۆی نەپاراستنی ژینگە و ڕەچاونەکردنی ژینگەپارێزی لەکاتی سەردانی کردنی گەشتیاران بۆ گۆمەکە.

کەیوان معروف
کەیوان معروف

کەیوان دەشڵێت: پێویستە چاودێری توندی گۆمەکە بکرێـت و رێگری لە فرێدان و پیسکردنی دەوروبەری گۆمەکە بگیرێت و ڕێگاوبان و خزمەتگزاری پێویستیش بۆ گۆمەکە دابینکرێـت، پێویستە گەشتیارانیش ڕێز لەو سروشتە بگرن لەکاتی سەردانی کردنی گۆمەکە.

گۆمی فێڵاو، بەھۆی وێنەدانەوەی چیاو بەفر و سرووشتی دەووروبەری بۆتە جێی سەرنجی گەشتیاران و ساڵانە لە وەرزی بەھاردا ڕێژەیەکی زۆری گەشتیاری بۆ دێت،  بەدووری هەشت کیلۆمەتر دەکەوێتە  بناری چیای سێکێل لە سنووری قەزای چۆمان  و ۱٨۰۰ مەتر لە ئاست روی دەریاوە بەرزە.

ش. ئـ

 

ۆم

Comments are closed.