دادگای فیدراڵی دانیشتنەكەی سەبارەت بە زەوی هاوڵاتییانی كوردی كەركووك دواخست

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق دانیشتنێكی لەبارەی‌ دوو سكاڵاوە ئەنجامدا، كە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی‌ دوو بڕیاری‌ ڕژێمی پێشووی‌ عێراق، كە بەهۆیەوە هەزاران پارچە زەویی‌ هاوڵاتیانی كورد لە سنووری كەركوك داگیر كراون، بەڵام دادگا بڕیاریدا كۆبوونەوەكە بۆ ٤ی حوزەیران دوا بخات.

بەپێی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ دادگاكە لە بارەی چەند دۆسێیەكەوە كۆبووەوە، كە دوو لەوانە تایبەت بوو بە هاوڵاتیانی كوردی سنووری پارێزگای كەركوك.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵى عێراق گفتوگۆی لەسەر سكاڵای ژمارەیەك جووتیاری كوردی شارۆچكەی داقوق و شارەدێی سەرگەڕانی كرد، كە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی‌ دوو بڕیاری‌ دەسەڵاتی‌ پێشووی‌ عێراق، چونكە ٨٢ هەزار دۆنم زەویی‌ هاوڵاتیانی كورد لە كەركوك داگیر كراون، داوجار دادگا دانیشتنەكە بۆ ٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخست.

دوو سكاڵاكە لەلایەن ١٠ هاونیشتمانیی‌ كوردی‌ كەركوك تۆمار كراون و بڕیارەكانیش لە ساڵانی‌ ١٩٧٧ و ١٩٧٦ دەركراون، كە یەكێكیان تایبەتە بە زەوییە داگیركراوەكانی‌ شارۆچكەی داقوق، ئەوی‌ دیكەش لەبارەی‌ زەوییەكانی‌ شارەدێی سەرگەڕان و چەند ناوچەیەكی‌ دیكەی‌ سنووری پارێزگای كەركوك.

ئەو زەوییانە بە بڕیاری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك دراون بەو جوتیارە عەرەبانەی، كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ناوچەكەیان چۆڵكرد و دواتر گەڕانەوە، ئەمەش وایكرد جوتیارانی كورد سكاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكەن.

زەوییەكان ٣٨ هەزار دۆنمیان لە گوندەكانی ناوچەی تاڵەبانی و كاكەیی لە شارۆچكەی داقوقن، هەروەها ٤٤ هەزار دۆنمەكەی دیکە دەكەوێتە شارۆچكەی دووبز و هەردوو شارەدێی سەرگەڕان و پردێ.

هـ.ئ

Comments are closed.