چوارچێوەی هەماهەنگی: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گونجاوترین بژاردەیە بۆ چارەسەرى كێشەكان

ناوەندی هەواڵەكان

لە چوارچێوەی ئەو كێشانەی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق درووست بووە، سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی پێی وایە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گونجاوترین بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەرۆكاییەتی پەرلەمان.

مەحمود حەیانی
مەحمود حەیانی

مەحمود حەیانی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح لە بارەی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بۆ میدیاكانی عێراق دەدوێت.

مەحمود حەیانی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە پێنج مانگە پەرلەمان بێ سەرۆكە، ئەمەش بۆشایی سیاسیی درووستكردووە و بە پێشێلكارییەكی یاسایی دادەنرێت، لە ئێستادا گونجاوترین بژاردە بۆ چارەسەرى کێشەکان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە پۆستى سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ سوننە هەژمار نەكرێت، كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە وەك نەریتێك لە نێوان پێكهاتەكان دانراوە.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەریەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

ڕ.ش

Comments are closed.