خەڵاتی یەکسانیی لە شاری سلێمانی بەخشرایە چالاکوانێکی بواری ژنان

سلێمانی

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی ‘یەکسانیی ساڵ’ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە، “کارین ملودۆغ” چالاکوان و داکۆکیکاری بواری مافەکانی ژنان.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، بە سەرپەرشتی گرووپی هەشتی مارس و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی بواری مافی ژنان، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا خەڵاتی یەکسانیی ساڵ بەخشرایە، کارین ملودۆغ، کە ژنە داکۆکیکارێکی مافەکانی ژنانە.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا هەمووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەیدان، پاشان هەر یەک لە کەژاڵ عەبدولقادر  و سەبریە ئەحمەد، وتاری گرووپی هەشتی مارس و کردنەوەی مەڕاسیمەکەیان خوێندەوە.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، چەند پارچە میوزیکێک، لەلایەن گرووپی میوزیکی کچانی تەواو، پێشکەش بە ئامادەبوان کراو.

پاشان فیچەرێک لەسەر ژیان و خزمەت و کارەکانی ئەو چالاکوانە ژنە لە ڕابردوودا نیشانی ئامادەبووان درا.

بەهار مونزیر، یەکێک لە ڕێکخەرانی مەڕاسیمەکە بە ڕۆژنیوزی وت: خەڵاتی یەکسانیی بەخشرایە یەکێک لە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، کە ئەویش “دکتۆر کارین”ـە هەروەها لە ساڵی پار ئەو خەڵاتە بەخشرایە دکتۆر چومان.

هەروەها لەبارەی ئامانجی بەخشینی خەڵاتی یەکسانی، دەڵێت: مەبەست لە بەخشینی ئەم خەڵاتە پاڵپشتی کردن و پێدانی وزەیە بە ژنانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەڵاتەکە هەموو ساڵێک لەلایەن لیژنەیەکەوە دابەش دەکرێت، خەڵکانێکی زۆرمان هەیە داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان و پیاوانن، ئەم ساڵ خەڵاتەکە بەخشرایە دکتۆر کارین، کە ماوەی ٣٠ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە لەسەر مافەکانی ژنان و پرسی ئەنفال و ئەنفالی بە جیهان ناساندووە.

کارین ملودۆغ لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: دڵم زۆر خۆشە بەم خەڵاتە وەرم گرتووە ماوەی ٣٠ ساڵە لە کوردستان کاردەکەم لەسەر پرسی ژن لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئەڵمانی بۆ ژنی ئەنفال لە گەرمیان، ئەوەی بۆ من گرنگە ڕێکخراوێکمان لە کوردستان درووست کرد بۆ ژنان، کە کۆدەبوونەوە و فێری خوێندەواری و شۆفێری و کۆمپیتەر بوون.

ب.گ

Comments are closed.