ئیسرائیل ٤٠ پێگەی حزبوڵایان لە لوبنان بۆردوومان کرد

ناوەندی هەواڵەکان

لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی جەنگی غەزەدا و هاوکاتی مەترسییەکانی هێرشی سەر شاری ڕەفح، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانیان ٤٠ پێگەی حزبوڵایان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی سوپای ئیسرائیل هێرشەکان ٤٠ پێگەی حزبوڵایان لە ناوچەی عیتا ئەل-شەعب کردووەتە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل چڕتر بووەتەوە، ڕۆژانە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل دەکرێت.

بە وتەی یوئاڤ گلانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، نیوەی فەرماندەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان کوژراون، بەڵام حزبوڵا ئەو وتەیەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە و وەکو هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سوپاکەیان لە قەڵەمی دا.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی غەزەوە ٢٥٠ ئەندامی حزبوڵا  و ٧٠ هاوڵاتی مەدەنی لوبنانی کوژراون، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە.

ب.گ

Comments are closed.