ئیسرائیل هێزی سەربازیی زیاتر لەناو غەزە جێگیر دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند دوو لیوای سەربازیی لە کەرتی غەزە جێگیر دەکات، لە کاتێکدا خۆی بۆ هێرشی زەمینیی بۆ سەر شاری ڕەفح لە باشووری وڵاتەکەی ئامادە دەکات.

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەمە ڕایگەیاند، دوو لیوای سەربازیی لە کەرتی غەزە جێگیر دەکات و لیواکان “ئەرکی بەرگریی و تاکتیکی” ئەنجام دەدەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر پلانەکان بخاتەڕوو.

هەروەها کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند هێرش بۆ سەر ڕەفح پێویستە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان بێت، کە لەناوبردنی چەکدارانی حەماسە.

هەروەها ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند وڵاتێکی دیکە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو هێرشە زەمینییە دەربڕیوە و دەڵێن: دەکرێت کارەساتی مرۆیی لە ڕەفح لێ بکەوێتەوە، لە کاتیكدا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەزە پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردووە.

سوپای ئیسرائیل، هەر ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا سەربازەکانی زیاتر لە ٥٠ ئامانجیان لە غەزە پێکاوە.

هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان ئەنجام دراون، ئەوانەش لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی بووە لەلایەن حزبوڵاوە.

ب.گ

Comments are closed.