ئاسایشی ڕۆژئاوا ٢٥ چەتەی داعشی دەستگیر کرد

ناوەندی هەواڵەکان

‌هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر شانە نووستووەکاندا، ٢٥ چەتەی داعش لە کامپی هۆل دەستگیر کران.

‌هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بارەی دەستگیرکردنی ٢٥ چەتەی داعش لە کامپی هۆل، لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هێزەکەدا هاتووە، لە کاتژمێر ٠١:٠٠ شەوی ڕابردوو، دەزگای ئاسایشی گشتیی هەڵمەتێکی بۆ سەر شآنە نووستوەکانی چەتەکانی داعش لە کامپی هۆل ئەنجامدا.

باسیان لەوەشکردووە، لە هەڵمەتەکەدا، ٢٥ چەتەی داعش دەستگیر کراوە کە یەکێکیان ژنە، ئەم گرووپە بەسەر پێنج شانەی مەترسییداردا دابەشبوون، کە چاودێری هێزەکانمانیان دەکرد و ئەشکەنجەی ژن و پیاوانیان دەدا و بیری توندڕەوییان بڵاو دەکردەوە.

دەشڵێن: ئەم شانانە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەوەی هەڵکوتنە سەر خاڵە سەربازییەکانمان و تیمەکانی ئاسایش بکەنە ئامانج.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، لە هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر، کڵاشینکۆفێک، پێنج مەخزەنی کڵاشینکۆف، دوو چەقۆ، حەوت ئامێری تەقینەوە، شەش تەقەمەنی لاستیکی، ئامێری فریکوێنسی بێتەل، سێ ئامێری ناردنی نیشانە لە دوورەوە، نۆ پاتری ٩ڤۆڵت، کامێرایەک، دوو کێبڵی تەقینەوەی بەپەلە کە بۆ پشتدوێنی تەقەمەنی بەکاردەهێنرێت، تەقەمەنییەک کە هێشتا بەکارنەهێنراوە و تەلەفۆنێک کە تەقینەوەی پێ ئەنجام دەدرا.

لە کۆتاییشدا ڕایانگەیاندووە، هێزەکانمان دەستیان بە لێپرسینەوەی بەرفراوان کردووە، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، ڕەوانەی لایەنی فەرمی کران.

ب. جـ

Comments are closed.