حسێن کەرکووکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

ناوەندی هەوالەکان

ئەندامێکی دیوانى سەرۆکایەتى تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق، دەشڵێت، بوونی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عێراق بە داگیرکاری دادەنرێت و پێویستی بە هەڵوێستێکی تووند و یەکلاکەرەوە هەیە بۆ کۆتاییهێنانیان.

حسێن کەرکووی ئەندامی دیوانى سەرۆکایەتى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان سەبارەت بە سەردانی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک و بوونی هێزەکانی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەمجۆرە بۆ ڕۆژنیوز دوا.

حسێن کەرکووکی ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سوکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق، چونکە هێزەکانى ئەو وڵاتە بە چڕى بۆردوومانى خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن.

هەروەها ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عێراق بە داگیرکاری دادەنرێت و پێویستی بە هەڵوێستێکی تووند و یەکلاکەرەوە هەیە بۆ کۆتاییهێنان پێیان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و ڕۆژانە ڕووبەڕووی بۆردوومانکردن دەبێتەوە، ئەمە جگە لە دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە ناو خاکەکەیدا، کە ئەمەش پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەیە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبوو هێزە سیاسییەکان ئەم سەردانە ڕەتبکەنەوە و هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک نەکردبا یان ملکەچی داواکارییەکانی نەبن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: دەبێت حکومەت و پەرلەمان بێدەنگ نەبن لەوەی کە دەوڵەتی تورک بە بیانووی ناڕاستەوە چیدەکات بۆ داگیرکردنی زەوی عێراقییەکان.

لە کۆتایدا وتى،  دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان بە ئاشکرا گەڕاندنەوەی پارێزگای موسڵ وحەلەب بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەپێویست دەزانن.

ئەمە لە کاتێکدایە، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە سەروەری عێراق پێشێل دەکەن و دەیان بنکەی سەربازیش دادەمەزرێنن، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناڕەزایی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕ.ش

Comments are closed.