٣٨ مانگە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

گۆشەگیریی توند لە ئیمرالی ٣٨ مانگی تێپەڕاند و لەو ماوەیەدا ٥٣٨ جار داواکاریی بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا کراوە و دەیان چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

ماوەی ٣٨ مانگە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بەڵام ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن و چاویان پێی بکەوێت و هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخی تەندروستییەوە نازاندرێت.

لە ساڵی ٢٠١٩، پارێزەران پێنج جار دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ئەنجامدا، کە کۆتا جاری لە ٧ـی ئابی ٢٠١٩ بوو.

ڕێبەر ئۆجالان، کۆتا جار لە ٣ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢٠، ڕووبەڕوو دیداری لەگەڵ خانەوادەکەی ئەنجامدا، دوای ئەو دیدارە بە تەواوی ڕێگریی لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی لێ کرا، کۆتا جاریش لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١، لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا، بە تەلەفۆن کە ماوەکەی لە چەند خولەکێک تێپەڕی نەکرد پەیوەندیی ئەنجامدا، دوای ئەو پەیوەندییە ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر ئۆجالانەوە بەدەست نەگەشتووە.

٥٣٨ جار هەوڵی ئەنجامدانی دیدار دراوە

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، هەموو هەفتەیەک سەردانی داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانی “ئیمرالی” دەکەن، لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١ـەوە، ٣٧٥ جار پارێزەران و ١٦٥ جار خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان داوای ئەنجامدانی دیداریان کردووە، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و بە بیانووی سزای “دسپلین” دەوڵەت ڕیگریی لە ئەنجامدانی دیدار دەکات.

هەڵمەتی مانگرتن گۆڕا بۆ بایکۆت

گۆشەگیریی توند لە ئیمرالی بەردەوامە، لە بەرامبەر ئەوەدا کوردان و دۆستەکانیان، لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، بە دروشمی “ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی بۆ دۆزی کورد” کامپەینێکی نێودەوڵەتییان ئەنجامدا، لەو چوارچێوەیەدا گیراوانی سیاسیی لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستاندا، لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دەستیان بە چالاکی مانگرتن کرد و لە ٤ـی نیسان کامپەینەکەیان چووە قۆناغێکی نوێوە و بایکۆتی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئەنجامدانی دیداریان کرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

هەروەهام چالاکی ئێشکگریی دادپەروەریی، لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردبوو، بە کۆتا هات و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی نوێ دەستپێدەکاتەوە.

چالاکییەکان بەردەوامن

بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان لەم مانگە چەندین چالاکیی ئەنجامدرا، لە ٧٥مین ساڵڕۆژی لە دایکبوونییدا لە گوندی ئامارای سەربە شارۆچکەی خەلفەتی ڕحا، بە دروشمی “بۆ ئازادیی بەرەو ئامارا” ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، هەروەها لە سەدان ناوچەی کوردستان و تورکیادا وەک کولتوورێکی هەمیشەیی لەو ڕۆژەدا نەمام چێندرا.

ژنان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا-تەژەک-ئە، لە ٤ـی نیسان لە چەندین ناوچەی ئەوروپا چالاکییەکیان بە ناونیشانی “هەزار ژن، یەک دەنگ” دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا ژنان لەبارەی کاریگەرییەکانی فکری ڕێبەر ئۆجالان لەسەر ژنان کورتە ڤیدیۆیان تۆمار کرد و بڵاویان کردەوە، هەروەها لە ١٩ـی نیسان کامپەینی نامە ناردنیان کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT)، دەستپێکرد و ماوەی چاور مانگ دەخایەنێت.

 سێ هەزار کەس چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستان لە ئەوروپا-کەجەدەکە-ئە، بە بەشداریی سێ هەزار کەس لە ئەندامانی ناوەندە دیموکراتییەکان لە ئەوروپا، گرووپە ئینتەرناسیۆنالەکان و کەسانی ناودار، لەبەردەم بارەگای CPT و کۆنسەی ئەوروپا، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا.

خانەوادە و پارێزەران دیداریان لەگەڵ CPT ئەنجامدا

لە ١٨ـی ئەم مانگە، هەریەک لە عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەر ئۆجالان و ئەندام پەرلەمانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و ئەسرین ئۆزگور، یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسیی سەدە، لەگەڵ بەرپرسانی CPT دیداریان ئەنجامدا.

ب. جـ

Comments are closed.