حەماس مەرجەکانى بە مەبەستى دانانى چەكی ئاشكراكرد

ناوەندی هەواڵەكان

بەرپرسێكی باڵای حەماس ڕایگەیاند، ئامادەین ئاگربەستی پێنج ساڵ یان زیاتر لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام بدەین، بەو مەرجەی ئەگەر دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەڵەستینی لەسەر سنوورەكانی ساڵی ١٩٦٧ دابمەزرێت، ئەوكات حەماس چەك دادەنێت .

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری خەلیل حەیە بەرپرسی باڵای حەماس زانیاری لەبارەى مەرجى دانانى چەك لەلایەن حەماس و ئاگربەستی غەزە دەخاتەڕوو.

خەلیل حەیە ڕایگەیاند، حەماس دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەڵەستینی لە كەرتی ڕۆژئاوا و كەرتی غەزە و گەڕانەوەی پەنابەرانی فەڵەستینی بە پێی بڕیارە نێودەوڵەتییەكانی سنوورەكانی ساڵی ١٩٦٧ قبوڵ دەكات و ئەگەر ئەمە ڕووبدات، باڵی سەربازیی بزووتنەوەكە هەڵدەوەشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەزموونی ئەو گرووپ ولایەنانە هەیە، كە لە دژی داگیركەران تێكۆشانیان كردووە، كاتێك سەربەخۆیی و مافەكانیان بەدەستهێناوە گرووپە چەكدارەكان گۆڕاون بۆ حزبی سیاسی، هێزە شەڕكەرەكانیش گۆڕاون بۆ سوپای نیشتمانی.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشنیاری داماڵینی چەك دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی گەورە لەلایەن حەماسەوە، لەكاتێكدا حەماس و سوپاى ئیسرائیل هەڕەشەی لە ناوبردنی یەكتر دەدەن.

سەرەڕای بەردەوامی داواكاریی چارەسەری دوو دەوڵەتی، سەركردایەتی ئێستای ئیسرائیل بە توندی دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەكات، هەروەها ئەمریكا ڤیتۆی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بەكارهێنا.

هـ.ئ

Comments are closed.