شەش هاوڵاتیی کورد سزای چەندین ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا

ناوەندی هەواڵەکان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوێنی ڕژێمی ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر شەش هاوڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشاردا سەپاند، دەشڵێت: ئەو هاوڵاتییە کوردانە لە کاتی سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادیی”دا دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە سزای زیندانی کردنی شەش هاوڵاتیی کوردی شاری پیرانشار بەم شێوەیە زانیاری خستووەتەڕوو.

دوێنی ڕژێمی ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر شەش هاوڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشاردا سەپاندووە و دەشڵێت: ئەو هاوڵاتیە کوردانە لە کاتی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادییدا دەستبەسەرکراون، دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکراون، تا دوێنی لە ڕێگەی نووسراوی دادگای پیرانشارەوە ئاگادارکرانەوە کە سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەریەک لە  محەممەد (دیاکۆ) ئیبراهیمی  ٣٠ ساڵ، ئێحسان گوڵابی ٢٠ ساڵ، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات و بانگەشەی دژ بە حکومەت و وێنەگرتنی دەزگا حکومییەکان، هەریەکەیان بە گشتی ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها هیوا مەحموودیی ٣٣ ساڵانیش بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات، سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دەشڵێت: هەریەک لە عەلی ڕەزا محەممەدیی ئەرشەدی ٢٣ ساڵ، ئیسماعیل تەجەللای ٢٣ ساڵ و ئارام خالیدی ‌نەسەبی ٢٤ ساڵان، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات و بانگەشەی دژ بە حکومەت، سزای شەش ساڵ و ١١ مانگیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو شەش هاوڵاتییە خەڵکی گوندی پسوێی پیرانشارن، ڕۆژی ٢٧ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی سەرهەڵدانەکانی “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی” لە پیرانشاردا دەستبەسەر کران دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان برانە زیندانی نەغەدە.

ڕ.ش

 

Comments are closed.