لە دوو ڕۆژدا فیستیڤاڵی پەری لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو

قەڵادزێ

ئەمڕۆش بۆ دووەم ڕۆژ و بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژنی دەستڕەنگین فێستیڤاڵی پەری، کە تایبەتە بە دەستڕەنگینی و ڕەنجی ژنان لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، هەروەها نزیکەی پێنج هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکەش دەڵێت: فراوانتری دەکەین و سەرجەم شارەکانی باشوور دەگرێتەوە لە داهاتوودا.

فێستیڤاڵی پەری، لەناو پارکی “شار” لە قەڵادزێ، لە دوێنێ بە دروشمی ” دڵۆپە خوێنی شەهیدانی کارەسات و ڕاپەرین  بوونەتە توێشومان  بۆ داهێنان” لە ساڵڕۆژی بۆردوومانکردنی شارۆچکەکەدا بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژن دەستی پێکردبوو، ئەمڕۆ بە کۆتا هات.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن ماڵی کەلەپووریی و ڕۆشنبیریی قەڵادزێ و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ڕێکخرابوو، تێیدا ٥٠ ژن بە کاری دەستی، خواردنی کوردەواری، تابلۆ، جلوبەرگ و چەندین کەرەستەى جۆراوجۆری تر بەشدارییان تێدا کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ڕێژەی فرۆشی بەرهەمەکانی زیاتر لە ٥٠ ژن، نزیکەی ١٠ ملیۆن دینار بووە، بە نزیکەیی پێنج هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

هەروەها ڕاشیگەیاند، زیاتر خواست لەسەر خواردن و شیرینی ھەبووە و لە دوای کاری دەستی، هەروەها وا بڕیارە فێستیڤاڵی پەری گەورە تر و فراوانتر بکرێت و تەنیا لە چوارچێوەی ئیدارەی ڕاپەڕین نەبێت و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوور بگرێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.