سەقامگیریی خێزانیی و تەوژمی نوێگەریی لە ئێوارە کۆڕێکدا بەرباس درا

قەسرێ

لە شارەدێی قەسرێ ئێوارە کۆڕێک بە ناونیشانی ” ئاسایش و سەقامگیریی خێزانیی و هەڕەشەکانی گێژەڵووکەی تەوژمی نوێگەریی” بۆ ئەحمەد مەحموود ئەنجام درا و وتی: مۆدێرنیتە و خراپی سیستمی حکومڕانی هۆکاری کێشەکانی کۆمەڵگان.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ناوەندی ڕۆشنبیریی شارەدێی قەسرێی سەر بە دەڤەری باڵەکایەتی، ئێوارە کۆڕێک لەژێر ناونیشانی (ئاسایش و سەقامگیریی خێزانیی و هەڕەشەکانی گێژەڵووکەی تەوژمی نوێگەریی)، بۆ نووسەر و مامۆستای زانکۆ (د.ئەحمەد مەحمود) ڕێکخرا.

کۆڕەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆشنبیران و  چین و توێژە جیاجیاکانی سنوورەکە بەڕێوەچوو.

لە کۆڕەکەدا ئەحمەد مەحموود تیشکی خستە سەر کێشە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان، و وتی: کێشەکان زادەی چەند خاڵێکە کە تازە بەسەر کۆمەڵگەدا هاتوون، لەوانەش گرنگترینیان کە پێویستە ڕاوەستەی لەسەر بکرێت مۆدێرنیتە و نوێگەریی و خراپی سیستەمی حکومڕانیین.

هەروەها وتی: پشێوییەکی زۆر لەناو کۆمەڵگەدا هەیە کە سیستمێکی باشی  حکومڕانی نییە، بۆ ئەوەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە بکات و ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەدەستچووە.

هەروەها لەبارەی هۆکارەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە وتی: زۆری و بەردەستبوونی هەموو شتێک، هۆکارێکی ترە لەوەی کێشەکان زیاترببن، خێرایی سەردەم و زەمەن وایە کە بە بەر هەموو لایەک ڕاناگەیت و گۆڕانکاری کۆمەڵگە زۆر کاریگەری خراپی درووستکردووە، بۆیە پێویستە و ئەرکی هەمووانە بە پەرۆشەوە ببینە ئاسایشی کومەڵگە و خێزان  بۆ ڕێگرتن لەو کێشانەی ڕوودەدەن.

‎ب.گ

Comments are closed.