سلێمان ئەحمەد.. ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و ئازادیخوازێکی خۆڕاگر

ناوەندی هەواڵەکان

٢٠٠ ڕۆژە ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد ڕفێندراوە و لە زینداندایە، تەنانەت ڕێگە بە بینین و ئەنجامدانى ڕێکارە یاساییەکانیش نادرێت، لەکاتێکدا ئەو جگە لە ڕۆژنامەنووس و کەسێکی ئازادیخواز هیچی تر نییە، ئێستاش خۆڕاگریی و ملنەدانی تەنیا هۆکاری مانەوەیەتى لە زیندان.

ڕۆژی ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی ڕۆژنیوز کاتێک لە پرسەی باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە دەم و دەست کەسانی دەمامکداری پەدەکە دەیڕفێنن و بەرەو شوێنێکی نادیار دەیبەن، ڕفاندنی سلێمان تا پێنج مانگیش تێپەڕی بوو کەس نەیدەزانی لە کوێیە و لەچی زیندانێکە، بۆیە لەم نزیکانەدا دەرکەوت لە ئاسایشی دهۆکە.

هەر لەسەرەتاوە پەدەکە تۆمەتێکی بۆ سلێمان داتاشی و گوایە لە هەرێم کاری سیخوڕیی کردوە و کادری پەکەکە بووە، ئەوەش ئەو تۆمەتە ئامادە و داتاشراوەیە کە پەدەکە بۆ هەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێک بەکاری دەهێنێت، کە ڕەخنە لە دەسەڵاتە شکستخواردووەکەی دەگرێت و بە پێی خواستى ئەوان کارناکات.

هەر زووش تیمێکی پارێزەران بۆ سلێمان ئەحمەد پێکهێنرا بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە یاساییەکان بە ئامانجی ئازادکردنی، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا پەدەکە جگە لەوەى رێگە بە تیمی پارێزەران نادات سلێمان ببینن، ئامادەش نیین شوێنی زیندانییەکەى بۆ تیمی پارێزەران ئاشکرا بکە.

بەپێی چەند زانیارییەک کە ڕۆژنیوز دەستیکەوتووە، هەر لەسەرەتاوە سلێمان ئەحمەد خراوەتە ژووری تاکە کەسییەوە و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە، تەنیا بۆ ئەوەى دان بەو تۆمەتەدا بنێت کە پەدەکە بۆی داتاشیوە، بەڵام بەردەوام سلێمان ئەحمەد ئەوەى ڕەتکردووەتەوە و پیلانەکەى پەدەکەی هەڵوەشاندوەتەوە.

سلێمان ئەحمەد بەهۆی ئەوەى کە هیچ تۆمەتێک و پیلانێکی پاراستنى پەدەکەى پەسند نەکردوە، ئەو ئێستا بووەتە ڕەمەزێکی دیاری ئازادیی و ڕۆژنامەنووسێکی خۆڕاگر،هەر بۆیەشە تا ئێستا لە زیندان ماوەتەوە.

ئەگەر لەماوەى نزیکەى حەوت مانگی ڕابردوودا سلێمان ئەحمەد تۆمەتەکانى پەدەکەى قبووڵ بکردایە یان هیچ کام لەو تۆمەتانەى بۆ دروست کراوە ڕاست بوایە، ئەوا پەدەکە دەیهێنایە سەر شاشە و تۆمەتە داتاشراوەکانى دەخوێندەوە، بەڵام پەدەکە بێهیوا بووە لەو خۆڕاگرییەی سلێمان ئەحمەد کە ناچێتە ژێر باری داواکارییەکانییەوە، بۆیە هێشتا لە گۆشەگیرکردن و شاردنەوەى بەردەوامە.

پەدەکە چۆن دادگای لە ژێر فشاری سیاسی و شەخسیدا ئەو سزایەی بەسەر زیندانیانى بادینان بەکارهێنا و  تۆمه‌تی‌ دروستكراوی بەسەردا سەپاندن بۆ ئامانجی سیاسی، ئاواش دەیەوێت سلێمان ئەحمەد بەو دەردە بەرێت، بەڵام خۆڕاگری سلێمان ئەحمەد ئەو پیلانەى پەدەکەى پووچەڵکردەوە.

لە ڕابردوودا چەندین جار ئەوە سەلمێندراوە، هەموو ئەو کەسانەى لە زیندان خۆڕاگر بوون و تۆمەتە داتاشراوەکانیان قبوڵ نەکردوە زیاتر لە زیندان ماونەتەوە، بەڵام ئەوانە دەبنە چرایەک بۆ ڕووناکردنەوەى ڕێبازی ڕاستى و ئازادییخوازی، ئێستاش سلێمان ئەحمەد وەک هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەى تیرۆر کران یان لە زیندان ئازارو ئەشکەنجە دران بووەتە ڕەمزی خۆڕاگریی و ئیرادە بەخشین بە ڕۆژنامەنووسان.

ئەگەر جاران سلێمان ئەحمەد تەنیا ڕۆژنامەنووسێکی ئاسایی بووبێت لەناو ئاژانسێکی هەواڵیدا، ئێستا ئەو ناوێکی گەورەى ناو رۆژنامەگەریی کوردی و تێکۆشانی ئازادییخوازانە، ئەو لەناو ڕاپۆرتە جیهانییەکاندا ناویدەهێندرێت و ڕفاندنەکەى وەک بەڵگەیەک دەهێندرێتەوە بۆ سەلماندن و پیشاندانى دەسەڵاتی دژە ئازادیی هەرێم.

بەپێی یاساکانى عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو کەسێک لە زیندان مافی ئەوەى هەیە شوێنی دیار بێت و پارێزەری هەبێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئەگەر تۆمەتبار نەیتووانی پارێزەر بۆ خۆی  دابین بکات، ئەوا دەبێت دەوڵەت  پارێزەری بۆ دابین بکات، بەڵام پەدەکە هەموو یاسا و بڕیارەکانى عێراق و هەرێمیشی پێشێلکردوە و ملهوڕانە یاساکان بن پێدەکات.

هـ.ح

Comments are closed.