لەیلا قاسم.. سمبولی خەباتی تێکۆشانی ژن لە باشووری کوردستان

ناوەندی هەواڵەکان

لەیلا قاسم ئەو ژنە شۆڕشگێرەبوو، کە داوای جلوبەرگی کوردیی کرد بۆ ئەو ڕۆژەی تێیدا لەسێدارە دەدرێت، بە تەمەنێکی کەم و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو ئەو پەتە هەنگاوی نا، کە بۆ گەردنی هەڵواسرابوو.

لەیلا قاسم گەنجێتی و گیانی خۆی پێشکەشی خاکەکەی کرد، بووبە یەکەم ژنە خەباتکاری لەسێدارە دراوی کورد و نازناوى بوکی کوردستانی لێنرا، ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر گیانبەختکردنی لەیلا قاسمدا تێدەپەڕێت.

هێمن موکریانی لە پارچە هۆنراوەیەکدا، کە بۆ لەیلا قاسمى نوسیووە دەڵێت:

بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە

کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من

لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەی کورد نەخشێندراون بە ناو و داستانی قارەمانێتی کۆمەڵێک ژنی شۆڕشگێڕ، کە گەنجێتی و شۆخبوونی خۆیان کردووەتە قوربانی ئازادیی خەڵک و خاکەکەیان، لەیلاش وەک یەکێک لەو ژنانە بۆ هەمیشە ناوی بە زیندوویی دەمێنتەوە و بەشێکی دانەبڕاوە لە شکۆ و شانازییەکانی گەلەکەمان.

لەیلا قاسم، داستانێک لە قارەمانێتی

لەیلا قاسم لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شارۆچکەى خانەقین لەدایکبووە، کچی خێزانێکی هەژار بووە باوکی ناوی قاسم حەسەنە و کرێکاربووە لە پاڵاوگەیەکی نەوت، هاوکات خێزانەکەی کاری جوتیاریشیان ئەنجامداوە، ساڵی ١٩٥٨ لە خانەقین دەستی بە خوێندن کردووە، ساڵی ١٩٧١دا ماڵیان گواستراوەتەوە بۆ شاری بەغدا و هەر لە هەمان ساڵدا لە  بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.

درووستبوونی هەستی نیشتمانپەروەری لای لەیلا و بەشداریکردنی لە شۆڕشدا

نکۆڵیکردن لە خاک و ناسنامەی کوردان و ئەو ستەم و زۆرییەی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد ئەنجامی دەدا، بوونە هۆکاری درووستبوونی بیری ئازادیخوازی و هەستی نەتەوەیی، ڕزگاربوون لە زوڵم و خەیاڵی کوردستانێكی ئازاد، هەر لە تەمەنێكی گەنجییەوە هەنگاوەکانی لەیلایان بەرەو ڕیزی شۆڕشگێڕان برد.

لەیلا ساڵێک بەر لە چوونی بۆ کۆلێژ، ساڵی ١٩٧٠دا دەست بە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی کورد دەکات و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خوێندکارە کوردەکانی داوە.

لەیلا هاوڕێییەکی هەبوو بەناوی جەواد هەمەوەندەی، کە جگە لە هاوڕێییەتی هاوفکر و هاوخەباتی یەکتربوون، هەر لەڕێی جەوادەوە بەشداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا کردووە، دواتر لەناو شاردا پێکەوە و لەگەڵ چەند هاوڕێیکەی دیکەیان بەردەوامیان بە خەبات داوە، لەوێوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و تاکی کوردیان هۆشیارکردووەتەوە.

خەمی خاکەکەی لەیلای پەلکێشی بەردەم پەتی سێدارە کرد.

لەساڵی ١٩٧٤ ئەو کاتەی بارۆدۆخی ئاسایشی باشووری کوردستان تێکچوو و ڕژێمی بەعس هێرشەکانی دەست پێکردەوە، لەیلا و جەواد لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوڕێبازەکانیان، خەباتی سیاسی و مەدەنیانەیان لە بەغدا چڕتر کردەوە و کاری بڵاوکرنەوەی پەیامەکانی شۆڕشیان کردووە.

لە بەردەوامی هەڵمەتەکانی ڕژێمی بەعس دژی شۆڕشگێڕانی شار، لە ٢٨ـی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی لەگەڵ نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە ڕەشید و ئازاد سلێمانی هاوڕێیان دەستگیرکران.

پپاش مانەوەیان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە زینداندا، لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانی ڕۆژی ١٢ـی ئایار، پەتی سێدارە لە گەردنی هەموویان ئاڵێنرا و بەسەربەرزییەوە گیانی خۆیان لەپێناو ئازادیی وڵاتەکەیان بەختکرد.

کاتێک باس لە ژیاننامەی لەیلا قاسم دەکرێت ناکرێت ئاماژە بەوە نەدرێت لەیلا و هاوڕێکانی ئەو ماوەیەی لە زینداندا بوون ڕووبەڕووی چەندەها ئەشکەنجە و سزای قورس بوونەوە، بۆ ئەوەی دانپێدانایان لێوەربگیرێت و ناو و زانیاری شۆڕش و شۆڕشگێڕان بدرکێبنن، بەڵام هیچ ئەشکەنجەیەک نەیتوانی ئیرادەیان تێکبشکێنێت و هەتا ئەو ساتەی گیانی پاکیان سپارد، پاشگەز نەبوونەوە لە دڵسۆزیان بۆ خاکەکەیان.

 “بە کوشتنی من هەزاران کورد لە خەویی نەزانیی هۆشیار دەنبەوە”

ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس و دار و دەستەکەی هەوڵی تێکشکاندنی ئیرادە و کەسێتی لەیلایان دەدا، دەیانویست لە ڕێی ئەشکەنجە و ترساندنی بەمەرگ لە شۆڕشگێرییەتی پەشیمانی بکەنەوە، بەڵام لەیلا بە ڕستەیەک جوابی دانەوە و وتی:“بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم”.

ش. ئـ

Comments are closed.