ڕۆژنامەنووسێک: هەتا دادگاکان سەربەخۆ نەبێت گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام دەبێت

سلێمانی

دۆخی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتى زۆر بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی پێشێلکاریی و ڕفاندنى رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: هەتا دادگاکانمان سەربەخۆ نەبێت گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت.

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بەرتەسکتر دەکرێتەوە، هەر کەسێک ڕەخنە لە دەسەڵاتى هەرێم بگرێت و پێچەوانەى سیاسەتی و بەرژەوەندی ئەوان کار بکات، بێسەروشوێن دەکرێت یاخود تیرۆر دەکرێت یان ناچار بە کۆچکردن بۆ دەرەوە دەکرێت، بە پێی ڕاپۆرتە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان ناوچەیەکى تاریک و ترسناکە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادیی بیروڕا و ڕۆژنامەگەری.

لەوبارەیەوە جوتیار قادر ڕۆژنامەنووس، لەسەر ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییانەى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“هەتا دادگاکانی هەرێم سەربەخۆ نەبێت گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت”

جووتیار قادر وتی: ئازادیی ڕادەڕبڕین لەهەرێمی کوردستاندا دابەش دەبێت بەسەر دوو زۆندا لە سلێمانی  ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەی ئازاد تاڕادەیەک باشە، بەڵام لە زۆنێکدا ئازادیی ڕادەربڕین بەرتەسک کراوەتەوە، بەنموونە سەردەشت عوسمان هەیە لەپێناو ئازادیی ڕادەربرین شەهید بوو، کۆمەڵێک پڕوپاگەندە درووست دەکرێت بەڵام ئازادیی ڕۆژنامەگەری هێنایە کایەوە، توانی ئازادانە قسە بکات و پەیامەکەی بگەیەنێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشکرد، هەتا دادگاکانی هەرێم سەربەخۆ نەبێت گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت.

” ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک کراوەتەوە”

سەبارەت بە ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، جوتیار قادر وتی: بەداخەوەم گرتنی سلیمان ئەحمەد لەکاتی گەڕانەوەی لە فیشخابوور گیراوە، تائێستا بێ سەروشوێنە، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک دەگیرێت پێویستە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاگادار بکرێتەوە ئەمە لەسەر بواری ڕۆژنامەگەریی گیراوە نەک سەرەونگوم بکرێت کەس نەزانێت لە کۆیە.

بەوتەى ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئازادیی ڕۆژنامەگەری بەرتەسک کراوەتەوە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لە زیندان لە هەولێر ئازاد نەکراون چەند ساڵێکیان بۆ درێژ دەکرێتەوە، هەندێک لە حزبەکان لە کاری ڕۆژنامەوانی دەترسێت کاتێک زانیارییەکی دەکەوێتە بەردەست ڕۆژنامەنووسێک دەیەوێت ئەو زانیارییە بسڕێتەوە.

“تۆمەت خستنە پاڵ ڕۆژنامەنووسان کارێکی ناڕەوایە”

هاوکات ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: تۆمەت خستنە پاڵ ڕۆژنامەنووسان کارێکی ناڕەوایە، پێویستە دادگا شەفافانە بڕیار بدات ئەو ڕۆژنامەنووسە کارێکی کردووە بە بەڵگە بسەلمێنرێت، کاتێک کەسێک تاوان دەکات تا تاوانەکەی بەسەردا نەسەپێنرێت، ناکرێت بەتۆمەت بار دەتوانیت پارێزەر بگرێت، بۆیە بەرگری لە خۆی بکات.

جوتیار قادر ڕوونیدەکاتەوە، لە کوردستان دیموکراسیەت هەیە، بەڵام لەگەڵ بەرژەوەندی حزبێکدا یەک ناگرێت، تورکیای فاشیز لە ناوەوەیە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسان، پێویستە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاگاداربکرێتەوە لەگرتنی ڕۆژنامەنووسان ئەگەر سلێمان ئەحمەد ئەندامە لە سەندیکا پێویستە ئاگادار بکرێنەوە.

لە کۆتایدا جوتیار قادر وتیشی: ئەمە کارێکی ناڕەوایە  بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەموو وڵاتان دونیادا یاسایەک هەیە بەناوی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی، پێوێستە دادگایەک هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنوسانی تێدا دادگای بکرێت، نەک هەر  حاکمێک بڕیار بدەن لەسەر ڕۆژنامەنووس لەوانەیە لە بوارەدا شارەزایی نەبێت، بەڵام لە کوردستان دەبێت یاسا سەروەر بێت.

هـ.ح

Comments are closed.