ئەو کەسانەى برنج دەخۆن بەم ڕێگایانە دەتوانن ڕێگرى لە قەڵەوى بکەن

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر کامه‌ران ڕەسوڵ دەڵێت، برنج یەکێکە لە خواردنە سەرکییەکانی سەر خوانی زۆربەی خێزانی کوردی، هاوڵاتیانیش بە چەند ڕێگایەک دەتوانن برنج بخۆن و ڕێگرى لە قەڵەوى بکەن، یەکێک لەوانەش ئەوەیە لە ڕۆژێکدا یەک ژەم برنج بخورێت نەوەک دوو ژەم یان زیاتر.

‎دکتۆر کامه‌ران ڕەسوڵ،‎ پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە نووسینێکدا هەشت ڕێگا دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەى لە کاتى خواردنى برنجدا ڕێگرى بکرێت لە قەڵەوى.

برنج یەکێکە لە خواردنە سەرکییەکانی سەر خوانی زۆربەی خێزانی کوردی، بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرێت چۆن بتوانم برنج بخۆم بێ ئەوەی قەڵەو ببم یان ببێتە هۆی درووست بوونی ورگ .

ئەم ڕێنماییانە ئەگەر بتوانرێت جێ بەجێ بکرێت ئەوا بە ڕێژەیەکی باش  ڕێگە دەگرێت لە قەڵەوی و زیاد بوونی کێش و قەڵەوی، کە ڕێنماییەکەکانیش ئەمانەن:-

یەکەم– لە ڕۆژێکدا یەک ژەم برنج بخورێت نەوەک دوو ژەم یان زیاتر.

دووەم– برنجی دەنک درێژ باشترە لە برنجی خڕ، برنجی بۆر و قاوەیی و برنجی کوردی باشترە لە برنجی سپی.

سێیەم– بە پڵاو لێ بنرێت یاخود بڕێکی کەم زەیتی زەیتوون یا زەیتی کانولا یا ڕۆنی ئاژەڵ لێ بنێرێت واتە هێندە کەم بێت بنکڕ درووست نەکات  و گەر بنکڕی لەگەڵ بوو، نەخورێت.

چوارەم– پێش تێکردنی برنجەکە بە ( ١٠ بۆ ١٥ خولەک) قاپێکی گەورە زەڵاتەی وەرزی لە سەر سفرە دابنرێت و بخورێت و دوای تەواو بوونی زەڵاتەکە ئینجا برنج و شلەکە بهێنرێتە سەر سفرە نەوەک بە یەکەوە.

پێنجەم–  ڕۆژانە لە ( ١٠ بۆ ١٢ کەوچک ) زیاتر برنج نەخورێت، پێویستە کەیبانووی ماڵ بەقەد ژمارەی ئەندامانی خێزان چێشت لێ بنێت.

شەشەم– هەموو کەوچکێک برنج دوو کەوچک شلە یان لانی کەمی کەم کەوچکێک شلەى لەگەڵ بخورێت.

حەوتەم– پێویستە لە ڕۆژێکدا یەک ژەم زیاتر برنج نەخورێت، گەر بتوانرێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یەک جار بخورێت.

هەشتەم– خواردنی نان یان سەموون لەگەڵ برنج و شلە ئەگەری قەڵەوی و زۆر بوونی کێش زیاتر دەکات.

ئ.م

Comments are closed.