قەرەخەرمانەکەی دەشتی کۆیە ڕەوانەی شارەکانی دیکەش دەکرێت

کۆیە

وەرزی بەهارە، گەنم پێگەشتووە و هاوڵاتییان بۆ ژەمە خۆراکەکانیان قەرەخەرمان ئامادە دەکەن، دەشتی کۆیەش بە هۆی ئەوەی ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو خۆراکە دەخاتە بازاڕەوە بووە بە مەڵبەندی، هەروەها قەرەخەرمانى کۆیە ڕەوانەی شار و شارۆچکەکانی دیکەش دەکرێت.

قەرەخەرمان، خواردنێکی کۆنی کوردەوارییە، پاش گەشبوونی گەنم کە هێشتا بە تەواوی زەرد نەبووە، دەسووتێندرێت و بە چەند هەنگاوێک ئەم خواردنە ئامادە دەکرێت، بەپێی ئەوەی هەمیشە ئەم خواردنە لە بەردەست نییە و تەنها لەم وەرزەدا ئامادە دەکرێت، بووە بە خواردنێکی بە لەزەت لەلای هاوڵاتییان.

بە تێکرا لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان ئامادە دەکرێت، بەڵام لە بەرئەوەی دەشتی کۆیە پشکی شێری بەرکەوتووە و ساڵانە چەندین تۆن ئامادە دەکرێت بە مەڵبەندی ئامادەکردنی دەناسرێت، لەم ڕاپۆرتەدا ڕۆژنیوز لەگەڵ هاوڵاتییاندا چۆنییەتی ئامادەکردنی بە خوێنەرانی ئاشنا دەکات.

مەریوان مەغدید
مەریوان مەغدید

مەریوان مەغدید، ساڵانێكە دەستی كردووە بە ئامادەکردنی قەرەخەرمان، لە باوكیەوە فێری درووست كردنی بووە، باسی قۆناغەكانی ئامادەکردنی دەکات و دەڵێت: بەیانی زوو پێش خۆرهەڵهاتن كرێكار و كەلوپەلی پێویست ئامادە دەكەین، دێینە ناو تەبارە گەنم، دەست دەكەین بە دوورینەوەی گەنمەكە تا نیوەرۆ خەریك دەبین، دواتر دەیگوازینەوە بۆ شوێنێك كە خاوێن و گونجاو بێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی گەنمە دوراوەكە هەڵدەخەین تا چەند كاتژمێرێك بۆ ئەوەی كەمێك كزر بێتەوە، چونكە گەر ئاوا نەبێت ئاگر ناگرێت، دواتر بە ئاگر دەیبرژێنین تا ئەو تام چێژەی لێ بێت، نابێت زۆر بسوتێت لەبەر ئەوەی ڕەش بێت كەس نایكڕێت و ئەوەش بەهۆى ئەوەى تامى سووتاوی دەدات.

مەریوان دەشڵێت: قۆناغی دووەم دوای برژاندن و خاوێن كردنەوەی، دەبێت لە بێژنگ بدرێت تا بەس گوڵەگەنمە برژاوەكان دەمێنێتەوە، ئینجا بە “كاكوتی” تایبەت قەرەخەرمانەكە لەگەڵ گوڵەگەنمە برژاوەكان جیا دەبنەوە، دوای ئەوەش قەرەخەرمانەكە دەبەینەوە تا ژنان قەرەخەرمانەكە لە بێژنگ دەدەن و بژاری دەكەن، دوای ئەم دوو قۆناغە قۆناغی سێیەم دەست پێدەكات كە قەرەخەرمانە خاوێنەكە دەبەینە ئاش و دەیهاڕین تا قەرەخەرمانەكە بە تەواوی درووست دەبێت، كە ئەمەش زەحمەتی و ئەركی زۆر و قورسی دەوێت، لەگەڵ تەواوبوونی هەموو قۆناغەكان دەبرێتە بازاڕ و دەفرۆشرێت یان کڕیاران بە تایبەت دێن و دەیکڕن.

بەرزان مەحمود
بەرزان مەحمود

بەرزان مەحمود، یەكێكی دیکەیە لە جوتیارەكان باس لە جۆرەكانی ئەو گەنمە دەكات، كە دەكرێن بە قەرەخەرمان، چونكە هەموو گەنمێك نابێت بۆ دروست كردنی قەرەخەرمان و وتی: گەنمی گوڵ ڕەش و ئیتالی و ئەرینۆ دەكرێت بە قەرەخەرمان، جوتیارەكان لە وەرزی داچاندندا ئەو  جۆرە گەنمانە دەچێنن، بۆ ئەوەی لە كۆتایی مانگی نیسان بیكات بە قەرەخەرمان.

دەشڵێت: بۆیە قەرەخەرمانی دەشتی كۆیە بە گشتی گوندی شەوگێر بەناوبانگە، چونكە هیچ فێڵێكی تێدا ناكرێت، قەرەخەرمانێكی تەواو سروشتییە و بە ئاگر دەبرژێنرێت سەرجەم قۆناغەكانی بەدەست دەكرێت، ئەوەش وای كردووە تام و چێژی تایبەتی هەبێت.

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا بەشێكی زۆر لە گەنجەكان نازانن قەرەخەرمان چییە، لەكاتێكدا خواردنێكی كوردەوارییە و تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، یەكێكە لە خواردنە بەناوبانگەكانی كوردی، كە لەبەر خۆشی قورسی ئەركی درووست كردنی، نرخی زۆر گرانە، لەم باردۆخە ئابوورییەی ئێستا هەموو هاوڵاتییان توانای كڕینیان نییە، چونكە كیلۆی لە ١٠ هەزار كەمتر نییە، قەرەخەرمانەكە تا جوانتر بێت گرانتریشە.

ئەو جوتیارانە باس لەوە دەكەن هەرچەندە قەرەخەرمان لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام وەك ئەو خۆماڵییە تام و چێژی نییە، هەر لەبەر ئەوەیە تائێستا قەرەخەرمانی خۆماڵی خواستی زۆری لەسەرە و ڕەوانەی شار و ناوچەکانی دیکە دەکرێت.

ب. جــ

Comments are closed.