ناوەندی هەواڵەکان
پەدەکە چۆن دەسەڵاتى هەرێمی کوردستانی گرتووەتە دەست؟ بەچی ڕێگایەک زۆرینەیەکی ساختەکاریی درووست کردووە؟
بۆچی ئێستا پەدەکە وایکرد هەڵبژاردن دوا بخرێت و مەبەستییەتى لەپەنای ئەو دواخستنەوە چی دەستکەوێت؟
نزیکەى ٢٥ ساڵە پەدەکە بە ساختەکاریی دەسەڵاتى یەکەمی هەرێمی کوردستانی گرتووەتە دەست و بە زۆرینەیەکى ساختەوە هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى هەرێمی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەو دەسەڵاتەشی بە سێ ڕێگا بەدەستهێناوە و پاراستوویەتی، ئەوانیش ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و هێزی چەکدار و گەندەڵییە، ئەم سێ ڕێگەیە بوونەتە فریادڕەسی پەدەکە کە ناهێڵن پێگە و دەسەڵاتی بچووک بکرێتەوە.
ساختەکاریی هەڵبژاردن و زۆرینەیەکی ساختە
لە ساڵی ٢٠٠٥ـوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا پەدەکە چەندین ڕێگای جۆراوجۆری ساختەکاریی لە ڕۆژی دەنگداندا گرتووەتە بەر، لەم ساڵانەى دواییشدا کە بەهۆی شەڕی چەتەکانى داعشەوە هەزاران ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و کامپیان بۆ کرایەوە، پەدەکە ئەو کامپانەى کردبووە ناوەندێکی سەرەکی ساختەکاریی لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا.
١١ کورسییەکەى کۆتاکانیش هەمیشە زۆرینەیەکى ساختەى بۆ پەدەکە لە پەرلەمانی هەرێمى کوردستان مسۆگەر کردبوو، لەو ڕێگەیەشەوە پەدەکە دەسەڵاتی یەکەمی هەرێمی گرتبووە دەست و کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانى کردووە.
هێزی چەکدار ستوونە بەهێزەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی پەدەکە
پەدەکە لەسەر ستوونێک وەستاوە ئەویش هێزی چەکدارە کە ژمارەیان لەسەروو ١٠٠ هەزار کەسەوە دەبێت، ئەوە جگە لە چەندین هێزی دیکەى نافەرمی لە دەرەوەى یاسا.
ئەو هێزانە کە بەپێی یاساکانى هەرێم و دەستووری عێراق بەشێکن لە هێزی پاراستنى سنوور و ئاسایشی وڵات، بەڵام ئەو هێزانە بوونەتە مقاشی دەستى بنەماڵەى بارزانى و پەدەکە و لە ململانێیە سیاسییەکاندا بەکاردەهێندرێن.
پەدەکە هێزە چەکدارەکان بۆ گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان و هەروەها سەرکووت کردنى هاوڵاتییان و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت، جگە لەوەش لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین ساختەکاریی لەڕێی ئەو هێزانەوە دەکرێت.
هاوکات پەدەکە بە هێزە چەکدارەکان ئەو زۆرینە ساختەیەى پەرلەمانیشى پێ پاراستووە، باشترین نموونەش داخستنى پەرلەمانى هەرێم بوو لە ساڵی ٢٠١٥ کە هێزە چەکدارەکەی ڕێگەی نەدا سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێر، زۆر جاریش لە پردێ و دێگەڵەوە ڕێگریی لە بەرپرسانى یەنەکە و لایەنەکانى دیکە کراوە بچنە هەولێر.
گەندەڵی هێزی مانەوەى پەدەکە لە دەسەڵات
یەکێکی دیکە لە ڕێگاکانى مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی پەدەکە گەندەڵییە، گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانى حکومەت و داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و بازرگانیی و بانکیی و چەندین بواری دیکە.
بە پارەی نەوت و سەرچاوەکانى دیکە، بنەماڵەی بارزانى سەروەت و سامان و کۆشک و تەلارێکی زۆر و زەوەندیان پێکەوە ناوە، لە وڵاتانى ئەمریکا و ئەوروپاش چەندین کۆشک و ڤێلایان هەیە کە لەم دواییانەدا یەک یەک ئاشکرا بوون و دەبن.
لەئێستادا جگە لەو نەوتەى بە ئاشکرا ڕەوانەى ئێران و تورکیا دەکرێت، هیچ زانیارییەک لەبارەى فرۆشتن و داهاتى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەوە نییە، کە جگە لە ماڵی بارزانی هیچ کەسێک و دەزگایەک زانیارییان لەسەرى نییە.
هەڵبژاردن بە شەرتى پەدەکە
چەندین ساڵە هەڵبژاردنەکان بەو دیزان و شێوازە ئەنجامدراوە کە پەدەکە ویستوویەتى و خۆی نەخشەى بۆ کێشاوە، بەڵام ئێستا کە ڕێگاکانى ساختەکارییان لێگرتووە، دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن وڵاتانەوە دیزاین کراوە دەبێت دوابخرێت دەیەوێت داواکارییەکانى خۆی بسەپێنێت.
دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆن ئەو ڕێگایانەیان بڕی کە پەدەکە لێییەوە ساختەکاریی دەکرد، بۆیە دەستی کرد بە بیانوو هێنانەوە و بایکۆتکردنى هەڵبژاردن، چونکە ئەو بڕیارانە پەدەکەی لە دەسەڵات دەخست ئەو زۆرینە ساختەیەی درووستی کردبوو هەڵدەوەشایەوە.
بڕیار بوو لە ١٠ـی حوزەیرانى داهاتوو هەڵبژاردن پەرلەمانی هەرێم بکرێت، بەڵام دواجار بە هەموو ڕێ و ڕێبازێکی نا ئاسایی و بە هەڕەشەی تێکدانی ئەزموونى هەرێم و کردنەوەى هەرێم بە دوو ئیدارەیی لەلایەن پەدەکەوە هەڵبژاردن دواخرا.
پەدەکە دەیەوێت بە دواخستنى هەڵبژاردن چەند شتێک بەدەست بهێنێت، کە هاوشێوەى ٢٥ ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی یەکەمی خۆی مسۆگەر بکاتەوە، ئەویش دەیەوێت تۆماری دەنگدەران نوێ نەکرێتەوە، واتە ناوی دووبارە و مردووەکان نەسڕێتەوە، ١١ کورسییەکەی کۆتا بگەڕێندرێتەوە، هەڵبژاردنیش یەک بازنە بێت.
هـ.ح
Comments are closed.