بە درووشمی “هیچ شتێک مەحاڵ نییە” پێشانگایەکی ڕەنگاوڕەنگ کرایەوە

چەمچەماڵ

لە چەمچەماڵ بە درووشمی “هیچ شتێک مەحاڵ نییە”، پێشانگایەکی شێوەکاریی و کاری دەستیی کرایەوە، سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش دەڵێت: کردنەوەی ئەم پێشانگایە بە مەبەستی هاندانی خوێنکارانە، بۆ درووستکردنی خۆشەویستیی بۆ کاری هونەریی لای خوێنکاران.

 ئەمڕۆ لە خوێندنگەی ئامادەیی گەشەی زانستیی کچان لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، پێشانگایەکی شێوەکاریی و کاری دەستیی، بۆ خوێندکارانی خوێندنگەکە کرایەوە، تیایدا ١٢٠ تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ نمایش کرا.

لە پیشانگاکەدا، زیاتر لە ١٢٠ تابلۆ نمایش کران، کە تابلۆکان پێکهاتبوون لە کاری دەستیی بزمار و سوف و کاری وێنەکێشان و دەستڕەنگینیی، بەرهەمی زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار بوون.

لە پێشانگاکەدا تابلۆیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و فەرماندە مەزڵوم عەبدی ناسراو بە “مەزڵوم کۆبانێ” دوو تابلۆی دیار بوون، کە دوو خوێندکاری چەمچەماڵ کێشابوویان.

ماریا شاخەوان خوێندکارێکی بەشداربوو لە پێشانگاکە بە ڕۆژنیوزی وت: بە درووشمی “هیچ شتێک مەحاڵ” نییە هەستاین بە کردنەوەی ئەم پێشانگایە، بۆ چوارەمین ساڵە لەسەر یەکە ئەم جۆرە پێشانگایانە دەکەینەوە، سوپاسی مامۆستایانی خوێندنگەکەمان دەکەین، کە هەستان بە کردنەوەی پێشانگاکە.

هاوکات توانا تالیب، مامۆستا و سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوزی ڕاگەیاند، ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە ئەوەیە، خوێندکار ڕابکێشین بۆ کاری وێنەکێشان و کاری دەستیی، ڕەنگە لە بەشێک لە کارەکان هاوکارم کردبن، بەڵام لە کاری ڕەنگ دانان و سوف داناندا خوێندکارەکان خۆیان ئەنجامیان داوە، ئەمەش بۆ ئەوەی خوێندکار ئارەزووی کارەکەی لا درووست ببێت و ساڵانی داهاتوو هەوڵ بدات خۆی کار بکات لەسەر وێنەکێشان، مەبەست لە ناونیشانی پێشانگاکەشمان بریتی بووە لەوەی خوێندکار ڕابێنین لەسەر ئەوە هەست بەوە بکات هیچ شتێک لە ئاستیدا مەحاڵ نییە.

ب.گ

Comments are closed.