“ژنان دەتوانن پڕۆسە ئاشتی و یەکڕیزی نەتەوەیی بەدیبهێنن”

سلێمانی

ژنان یەکێتی نەتەوەیی بە گرنگ دەزانن و دەڵێن: ژنانی کورد هەمیشە داینەمۆی تێکۆشانەکان بوون و ئێستاش بەردەوامە، جەختیش دەکەنەوە، کە ژنان دەتوانن پرۆسەی ئاشتی و یەکڕیزی نەتەوەیی بەدیبهێنن و پارێزگاریشی لێ بکەن.

نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران وایکردووە، کە دوژمنان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان زیاتر بکەن، ژنان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و بۆچوونی خۆیان دەربارەی گرنگی ڕۆڵی ژن لە بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەییدا دەخەنە ڕوو.

 

پەریان ئەحمەد
پەریان ئەحمەد

پەریان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و چالاکوان وتی: بە درێژایی مێژوو لە هەموو بوارەکاندا ژنان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، کە بەداخەوە هەمیشەش ئەو ڕۆڵەی ژنان هەیانە تا ڕادەیەک پشتگوێ خراوە، بەڵام لە بەرامبەردیشدا ژنان هەرگیز ڕانەوەستاون و ئێستاش پێویستە بەردەوامی پێبدەن و جێدەستیان دیاربخەن.

هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، لە یەکڕیزی نەتەوەیدا، ئەوەی خستەڕوو، ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە پرسە نەتەوەییەکاندا و  دەتوانن پرۆسەی ئاشتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی بەدیبهێنن و ئاشتی و تەبایی بسەپێنن، هەر بۆیە ڕۆڵی ژنان زۆر گرنگە لە زەمینەسازیی یەکڕیزیی نەتەوەیی، چونکە هەر ژنان دەتوانن بەدیبهێنن و پارێزگارییشی لێ بکەن.

هەروەها باسی لەوەش کرد، ڕۆڵی ژنان گرنگە لە یەکگرتن و دانوستانی گەل و پێکهاتە جیاوازەکاندا، بۆ ئەوەش دەتوانن لە ڕێگەی کۆنفراس و کۆبوونەوە و بۆنەکاندا دانووستان و پرسی هاوبەشیان هەبێت و وتی: ئەمەش ئەو خاڵەیە پێویستە بۆ داهاتوومان کار و خەباتی زیاتری لەسەر بکەین.

ئاوارە کوردیی
ئاوارە کوردیی

هەروەها هونەرمەند و چالاکوانی بواری ژنان، ئاوارە کوردیی سەرەتا بە باسکردنی تێکۆشانی مێژوویی ژنانی کورد دەستی بە قسەکرد و وتی: ئەگەر پیاوان یەک خەباتیان هەبێت ئەویش ئازادیی کۆمەڵگەکەیان بێت، ژنان دووجار تێدەکۆشن و ئەرکیان سەختترە، چونکە ژن بۆ ئازادیی خۆی لە دەسەڵاتی پیاوسالاریی و پاشان بۆ ئازادیی کۆمەڵگە و نەتەوەکەی لە ستەم و داگیرکاریی.

لەبارەی یەکڕیزیی و هەبوونی یەکهەڵوێستییەوە وتی: دەبێت زیاتر هەوڵ بدەین و یەکگرتووبین، لەژێر یەکخەبات و یەک هەڵوێستدا فکر و ئامانجمان یەکبخەین، سوود لە بۆچوون و تێڕوانینە جیاوازەکان وەربگرین تا بتوانین بگەین بە ئامانجە گەورەکانمان.

هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشەکاندا ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەکرد، هەزاران ژنی ئازا و بوێر و چالاک لەپێناو شۆڕشدا خوێنی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوون وتیشی: ئێستاش پێویستە هەوڵ و تێکۆشانەکان زیاتر بکەین، چونکە ژنانی کورد خاوەنی توانا و ئیرادەی خۆیەتی و دەبێت ئەو پەیامە بگەیەنین بە جیهان.

ئاوارە کوردی لە کۆتاییشدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە ئازاری هەموو ژنان و نەتەوە ئازادییخوازەکان یەکە و وتی: تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن و نەتەوە لە هەرجێیەک و بەهەر شێوەیەک بێت یەکە، ئێمەش وەک گەلی کورد بۆ ئازادیی گەل و ژن و کۆمەڵگە، دەست لەناو دەستی یەکتر زیاتر تێدەکۆشین.

ش. ئـ

Comments are closed.