سزای دیسپلین.. نادادییەکی فاشیستان بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان

ناوەندی هەواڵەکان

سزای دیسپلین یاخود پابەندێتی بە یاساکانی زیندانەوە، یەکێک لەو سزایانەیە کە لە سالی ٢٠١٨ـەوە فاشیستانی ئاکەپە و مەهەپە بەردەوام بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا دەیسەپێنن و بەو شێوەیەش ڕێگریی لە پارێزەر و خانەوادەکەی دەکرێت دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، لە بەرامبەر ئەوەشدا تەواوی ناوەندە پەیوەندییدارەکان بە مافی زیندانیانەوە پشت لە یاساکان دەکەن و خۆیان کەڕ و ڵاڵ کردووە.

سزای دیسپلین چییە؟

سزای دیسپلین دیارییکراوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاساکانی زیندان، واتە هەر زیندانییەک لە تورکیا پابەندی یاساکانی زیندان نەبێت، سزای دیسپلین یاخود پابەندێتیی بەسەردا دەسەپێندرێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ مەرامی سیاسیی بەکاریدەهێنێت و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە دەنگ و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجالان نەگات بە دەرەوە.

سزاکە بۆ ماوەی سێ مانگە و لە بواری جیاجیادا دیاریی دەکرێن، لەوانەش بێبەشکردنی زیندانیی لە وەرزشکردن، یاخود ڕێگەنەدان بە پەیوەندیی کردن بە کەسوکارییەوە، یان قەدەغەکردنی دیدار لەگەڵ کەسوکار و پارێزەرەکانی، کە زۆرینەی جار ڕێبەر ئۆجالان بە پاساوی جیاجیا ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە و لە دیدار بێبەش کراوە، تەنانەت ڕێگریی لە بینینی زیندانییانی دیکەش دەکەن.

لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە هەندێک جار بە شێوەیەکی شاراوە و هەندێک جاریش بە ئاشکرا سزاکان بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا دەسەپێنن، بە جۆرێک لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ جار ئە سزایە بەسەریدا سەپێندراوە.

هەرچەندە ئەم سزایانە تا ساڵی ٢٠٢١ هەموو جارێک بە شاراوەیی جێبەجێ دەکرا و پارێزەران ئاگادار نەدەکرانەوە و دوای ماوەیەک بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەبوو، لەو ساڵەشدا جارێکی دیکە سزاکان دەسەپێندران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەران، لە کاتێکدایە بەپێی یاساکان دەبێت ئەو سزایە لەگەڵ سەپاندنیدا بە پارێزەران ڕابگەیەندرێت.

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢، چوار جار ئەو سزایە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە لە کاتەکانی (٣ـی شوباتی ٢٠٢٢، ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٢، ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ و کانونی یەکەمی ٢٠٢٢).

هەروەها لە ساڵی ڕابردووش ئەو سزایانە بەردوام بوون و لە بەروارەکانی (١٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ و ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٣) هەرجارێک بۆماوەی سێ مانگ ئەو سزایە سەپێندراوە و ڕێگریی لە ئەنجامدانی دیدار کراوە.

کۆتا جاریش لە ٧ـی ئەم مانگە نووسینگەی یاسای سەدە، کە لە پۆلێک پارێزەری ڕێبەر ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی پێکدێن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایانگەیاند، کە جارێكی دیکە بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالان و زیندانییانی دیکەدا سەپێندراوە.

بۆچی ئەو سزایە دەسەپێندرێت؟

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک هەوڵ دەدات، دەنگی ئیمرالی نەگات بە گەل، یاخود لە پشت پەردەوە شتێک دەگوزەرێک و هەوڵی شاردنەوەی دەدات.

هەرچەندە ڕێبەر ئۆجالان سزای زیندانی هەتا هەتای قورسی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا یاسایەک یان مافێک هەیە بە ناوی “هیوا” کە هەرکەسێک ماوەی ٢٠ ساڵ لە زینداندا بێت مافی پێداچوونەوە بە دۆسییەکەیدا هەیە و دەکرێت ئازادیی مەرجداری بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە یاساکانی تورکیادا دەڵێت “ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابێت، هیچ مافێکی ئازادبوون نایگرێتەوە”، بەم شێوەیەش دەیانەوێت هەموو مافەکان لە ڕێبەر ئۆجالان وەربگرنەوە.

جگەلەوەش ئەو سزایە دەکرێتە پاساوێک بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان توندتر بکرێت و بەردەوام دەکرێتە لەمپەر لە بەردەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان.

بێدەنگی ڕێکخراوی دژە ئەشكەنجە CPT

کاتێک ڕێبەر ئۆجالان بۆ یەکەمجار ڕەوانەی دوورگەی ئیمرالیی کرا، نوێنەری CPT بە ڕێبەر ئۆجالانی وت: “تۆ لەم زیندانە دەمێنیتەوە و ئێمەش لە ڕێگای کۆنسەی ئەورووپاوە چاودێریت دەکەین”، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: خۆیان بوون بە بەشێک لە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالیی.

هەرچەندە لە ڕۆژانی٢٠ بۆ ٢٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٢ كۆمیتەی ڕێگرییكردن لە ئەشكەنجە-CPT لە ئەنجوومەنی ئەوروپا، سەردانی زیندانی ئیمرالی کرد، بەڵام تا ئەمڕۆش هیچ ڕاگەیاندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، هەروەها لە مانگی شوباتی ئەمساڵ چووە تورکیا، بەڵام سەردانی ئیمرالی نەکرد.

بۆ ماوەی نزیکەی ٣٨ مانگە گۆشەگیریی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوامە و هەرجارێک بە پاساوی سزای دیسپلین ڕێگریی لە ئەنجامدانی دیدار دەکرێت و هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخی تەندرووستییەوە ئاشکرا ناکرێت، ئەمەش نیگەرانی لەلای هەموو گەلانی ئازادییخواز دروستکردووە و بە بەردەوام لە دژی ئەو سزا و گۆشەگیرییە توندە ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و داوای پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.

ب. جـ

Comments are closed.