پەدەکە پێنج سکاڵای لەو دادگایە تۆمار کرد کە بە دادگای بەعس ناوی دەبرد 

ناوەندی هەواڵەکان

پەدەکە بەمەبەستى زیاتر دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ژمارەیەک سکاڵای نوێی لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەڵبژاردنەکە تۆمار دەکات و داوای گەڕاندنەوەى کورسی کۆتاکان دەکات.

دوای ڕاگرتنى کارەکانى کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیی و دواخستنى ئەو هەلبژاردنە، پەدەکە پێنج سکاڵای دیکە لە دادگای فیدراڵی لەدژی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم تۆمار دەکات.

سکاڵاکانی پەدەکە یەکەمیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى پێشووی دادگای فیدراڵی و گەڕاندنەوەى کورسی کۆتاکان و هەروەها دواخستنى زیاتری هەڵبژاردنەکە.

ئەمڕۆ سێ سکاڵای نوێ دژی نەهێشتنی کورسی کۆتاکان لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکران و ژمارەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان لە دادگاکە تۆمارکراون گەیشتنە پێنج سکاڵا، کە لەلایەن پەدەکە و پێکهاتەکانەوە تۆمار کراون و لەلایەن پەدەکەوە ئاڕاستە دەکرێن.

 سکاڵاکان لەلایەن تورکمان، کریستیان و کلدانەکانەوە تۆمارکراون و تێیدا داوایان کردوە ١١ کورسیەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، هاوکات سکاڵاکان لەلایەن ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانی حامۆرابی و جینان جەبار، سەرۆکی پارتی ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدان لە سکاڵایەکەدا سکاڵاکارن، زیا پترۆس لە پێکهاتەی کریستیان لە سکاڵایەکی دیکە سکاڵاکارە، ئازاد ئیکرام، سەرۆکی لیستی میللەتی تورکمانی و محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان تۆمار کراون، کە سەرجەم ئەو کەسانە لەلایەن پەدەکەوە بەکاردەهێندرێن و ئاڕاستە دەکرێن.

بەپێی دەستوور بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی تانەی لێنادرێت و هەڵناوەشێنەوە، بەڵام ئەو سکاڵایانەى کە لەلایەن پەدەکەوە تۆمار کراون تانەن لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە، بۆیە ڕوون نییە دادگای فیدراڵی هەڵوێست و بڕیاری چی دەبێت لەسەر ئەو سکاڵایانە.

تۆمارکردنى ئەو پێنج سکاڵایە لەلایەن پەدەکەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر پەدەکە دادگای فیدراڵی بە دادگای “سەورەى ڕژێمی بەعس” ناودەبرد.

دادگای فیدراڵی لەڕۆژی ٢١ـی شوباتی ئەمساڵ بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی، واتە ١١ کورسییەکانى کۆتایی هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەش لەسەر سکاڵایەک بوو کە لەلایەن یەنەکەوە تۆمار کرابوو، ئەوەش نیگەرانی پەدەکەی لێکەوتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.