مامۆستایەکی زانکۆ: ئەرکی هەموومانە بنەچە و ڕەسەنایەتی زمانی کوردیی بپارێزین

بڕوا ئەسعەد

ئەمڕۆ جەژنی زمانی کوردییە کە ساڵانە لەم ڕۆژەدا بە کۆنفڕانس و چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕادەگیرێت، هاوکات مامۆستایەکی زانکۆش ئاماژە بە مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی دەکات و دەشڵێت: ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە بنەچە و ڕەسەنایەتی زمانی کوردیی بپارێزین.

١٥ـی ئایاری هەموو ساڵێک بە جەژنی زمانی کوردیی دادەنرێت، چونکە لەو ڕۆژەدا یەکەمین گۆڤاری کوردی لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە، کە خەڵکی باکووری کوردستانن، لە شام دەرکراوە، هەتا ساڵی ١٩٤٣ بەردەوام بووە.

مامۆستایەکی زانکۆ باس لە گرنگی ئەو ڕۆژە و ڕۆڵی ژنان دەکات لە پاراستنی زمانی کوردییدا، هەمانکات باس لەوە دەکات ئێستا وەک پێویست ڕەسەنایەتی زمان لە ناو شارەکان نەماوە، بەڵکو زیاتر لە گوندەکان ماوە.

بەناز کوێستانی
بەناز کوێستانی

بەناز کوێستانی مامۆستای زانکۆ پیرۆزبای جەژنی زمانی کوردیی، زمانی دایک کرد و وتی: لەم ڕۆژە پیرۆزەدا پێویستە بە خۆماندا بچینەوە، سەرجەم ئەو دەستەواژانە بەکاربهێنینەوە لە ناو شارەکان بەکارناهێندرێت، ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە بنەچە و ڕەسەنایەتی زمانی کوردیی بپارێزین.

وتیشی: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە، کە نەوەی ئێستا دەستێکی باڵایان هەیە لە فێربوونی زمانە بیانیەکاندا، کەمتر شارەزان لە زمانی دایک-دا، دەبێت لێرەدا هەڵوەستەیەک بکەین، هۆکاری بەشێک لەم کێشانە دەتوانم بڵێم دەگەڕێتەوە بۆ زانکۆکانمان، چونکە زۆربەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان، کە ئەنجام دەدرێت بە زمانەکانی ئینگلیزی یان عەرەبییە.

لە بارەی گرنگی ڕۆڵی ژنەوە لە پاراستنی زماندا بەناز کوێستانی باسی لەوەشکرد، بێگومان منداڵ یەکەم وشە کە فێردەبێت لە دایکەوە زمانی دەپژێت و قسە دەکات، ئێستا دەتوانین ئەو ڕەسەنایەتییە لە دەرەوەی شارەکان، وەک گوندەکان ببینین، کە دایک ئەو ڕەسەنایەتیەی ماوە کە منداڵ فێری زمانی کوردیی دەکات، بە خەواندنی منداڵ بە لاوانەوەوە، بەڵام ئەمە لە شارەکان نەماوە، پێویستە دایکانیش لەو بوارەدا بە خۆیاندا بچنەوە و وا لە منداڵەکان بکەن بە زمانی ڕەسەنی کوردی قسە بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.