زمانی کوردیی؛ یەکێک لە دێرینترین و زەنگینترین زمانەکانی دونیا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەگەرچی زمانی کوردی شانەوشانی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید و داگیرکارییەکانی سەر ڕاسەری کورد، هەوڵی قەدەغەکردن و سڕینەوەی دراوە و قۆناغی خوێناویی بڕیوە، بەڵام وەک داربەڕووی زاگرۆس دیسانەوە لەسەر کۆکی خۆی ڕواوەتەوە و خۆی پاراستووە، ئێستاش یەکێکە لە دێرینترین و زەنگینترین زمانەکانی دونیا.

ئەمڕۆ ١٥ـی ئایار ڕۆژی زمانی کوردییە، لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ‘ھاوار’ بە دەستی جەلادەت عالی بەدرخان لە شاری دیمەشق لە سووریا دەر کرا، لە هەمان ڕۆژ و ساڵی ١٩٥٤ یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ‘ھەتاو’ لە شاری ھەولێر یەکەمین ژمارەى لێدەرچوو، هاوکات لە ساڵی ١٩٦٣ گۆڤاری ڕۆژا نوو لە شاری ئیستەنبووڵ یەکەمین ژمارەی لە چاپ درا، بەو هۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە ١٥ـی ئایاری وەك ‘ڕۆژی زمانی كوردیی’ دیارییکرد.

زمانی کوردیی خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە، بارتەقای ئەو هەوڵانەی بۆ قەدەغەکردن و تێکدان و لەناوبردنی دراوە، بە زیندوویەتیی و زەنگینیی و بەهێزی خۆیەوە ماوەتەوە، ئەگەر تەنها مێژووی سەدەیەک پاش لۆزان بگرینە دەست، لە هەر چوار بەشی کوردستان لەلایەن هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی فاشیست و داگیرکەرەوە، دژایەتی کورد و زمانەکەی کراوە و قۆناغی خوێناوی تێپەڕاندووە، لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و قەدەغە و هەوڵی توانەوە.

وێڕای ئەمانەش ساڵی ڕابردوو، پێگەی ویکیمیدیای جیهانیی، خشتە و پۆڵێنێکی لەمەڕ زیندوویەتیی و دەوڵەمەندیی زمانەکانی جیهان بڵاو کردەوە، بەپێی ئەم پۆڵێنە، زمانی کوردیی لە زیندوێتیی و زەنگینی وشە و دەستەواژەدا پلەی هەشتەمی لە نێو ١٦٢ زمانی زیندووی جیهاندا بەدەست هێناوە، بەڵام ئەوەی سەیرە پلەی زمانی ئەو دەوڵەتانەی چەندین دەیەیە، بە کوشتن و هەڵواسین و پەت و زیندان لەگەڵ کورد و زمانەکەی دەجووڵێنەوە، لەو پۆڵێنەی پێگە جیهانییەکەدا ئاوایە: (تورکی پلەی ٢١، فارسیی پلەی ٤٤، عەرەبی پلەی ٤٧).

لە کاتێکدا لەو پۆڵێن و پلەبەندییەدا تەنیا زاری کرمانجی ژوورین و ناوەڕاست بە بنەما گیراوە، خۆ ئەگەر هاتبا و پێگەکە زاری  (لوڕی و هەورامی و زازاکی و لەکی) و بنزاری ناوچە جیاوازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانی هەژمار کردبا، ئەوا پلەیەکی بەرزتری بەدەست دەهێنا.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکانیدا لە پەرتووکی پێنجەم بە ناوی (دۆزی کورد و ڕێگاچارەی نەتەوەی دیموکرات)، وەها پێناسەی زمان دەکات و گرنگییەکەی هەڵدەسەنگێنێت: “زمان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ گرێدراوی چەمکی کەلتوورە، لە ڕیشەدا توخمێکی سەرەکی بواری کەلتوورە، بە واتا بەرتەسکەکەی دەشێت زمان بە خەسڵەتی کەلتووریش پێناسە بکرێت.”

“خودی زمان میراتی کۆمەڵایەتیی زیهنییەت، ئەخلاق، جوانیی هەست و هزرە، کە کۆمەڵگەیەک بەدەستی هێناوە؛ زمان بوونی زیهنیی و ناسنامەییە، کە واتا و هەست درکیان پێکردووە و بە گوزارشت و دەربڕین گەیشتووە، چونکە ئاستی پێشکەتوویی زمان ئاستی پێشکەوتوویی ژیانە، واتا هەر کۆمەڵگەیەک زمانی بەدەست هێنابێت و گوزارشت لە خۆی بکات ئەوا بووە بە خاوەنی بیانووە بەهێزەکەی ژیان، کۆمەڵگە چەندە زمانی دایک پەرە پێ بدات، بەو ڕادەیەش ئاستی ژیانی پێشخستووە.”

ب.گ

Comments are closed.