ڕۆژنامەنووسێک: دواخستنى هەڵبژاردن بە دڵی دووژمنانە و هەرێم دەخاتە مەترسییەوە

سلێمانی

ئەگەرچی زۆرینەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆی، بەڵام پەدەکە هەموو هەوڵێکیدا تا هەڵبژاردنی دواخست، ئارام هادی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسیش دەڵێت: دواخستنى هەڵبژاردن بە دڵی دووژمنانە و هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، هاوکات کێشەکانى هەرێم و بەغداش قوڵتر دەکاتەوە.

بڕیار بوو ١٠ـی حوزەیرانى داهاتوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەریمی کوردستان بکرێت، بەڵام پەدەکە بەهۆی ئەوەى هەستى کرد ئەو هەڵبژاردنە لەبەرژەندی ئەو نییە، لەدەرگای هەموو نەیاران و داگیرکەرانی دا تا هەڵبژاردن دوابخات و دواجاریش دواخرا.

ئارام هادی، ڕۆژنامەنووس، لە شاری سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەزموونمان هەیە و لە دواخستنى هەڵبژاردن زەرەرمان کردووە

ئارام هادی، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: هەموو لایەنە سیاسییەکان پێیان باشە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها ئێمە لە دواخستنی هەڵبژاردندا ئەزموونمان هەیە و زەرەرمان تێدا کردووە، بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەکی دەکەوێت، ئەمەش پەیوەندیدارە بە ژیانی هەر تاکێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا لەبەر ئەوەی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هەر یەکەیان کاریگەری باش و خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

وتیشی: بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوا لایەنی باشی پرۆسەکەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەویش حکومەت بە پڕۆژەی نوێ دێتە پێشەوە و کۆمەڵێک نوێنەری پەرلەمان لەلایەن هاوڵاتییانەوە هەڵدەبژێرێن و بە نوێنەرایەتی خۆی دەینێرێتە پەرلەمان، لەوێشەوە بۆ کۆی گشتیی سیستەمی دامەزراوەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، ئەمانە هەموویان نوێ دەبنەوە بە پڕۆژە و دیدگا و ستراتیژی نوێ بۆ ئەوەی پلانی داهاتوو دابنێن، بەڵام بە ئەنجام نەدانی ئەمانە هەموویان پەکیان دەکەوێت و بەرەو دواوە دەچێت.

پارتی هەموو هێزێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت

ئارام هادی، باسی لەوەش کرد، پارتی هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی تایبەت کردووە بە قسەکردن لەسەر ئەوەی، کە پێیان باش نییە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەموو هێزێکیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام نەدرێت، هەرچەندە کۆمسیۆن لەسەر بایۆمەتری عێراق سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردنە دەکات نەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و قسە لەسەر ئەوە دەکەن، کە زیاتر لە پێنج سەد هەزار دەنگدەری دووبارە و مردوو و بەشەکانی دیکەی کوردستانن کە بۆ پارتى دەنگ دەدەن.

لە بارەی هەڵوێستی یەنەکەش ئەو ڕۆژنامەنووسە کە خۆی کادیری پێشکەوتووی ئەو حزبەیە، دەڵێت: لە سەرۆکی  یەکێتییەوە هەتا مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و جەماوەری کوردستان، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە و لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، جگە لە پارتی، کە لەگەڵ ئەوەدا نییە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی دابکرێت، هەروەها ئەوە بوو وتەبێژی یەکێتی وتی “دادگای فیدڕاڵی هەر بڕیارێک بدات ئێمە پێوەی پابەند دەبین، بەڵام ئەگەر بڕیارەکەمان بە دڵ نەبیت سکاڵا دەجووڵێنین.

“چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە”

لە بارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوە، ئارام هادی، باس لەوە دەکات، لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردندا ئەوا چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە و وتی: ئێمە دەڵێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوردراوین بەو وڵاتانەی کە چاویان هەڵنایەت نایەت بە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە دەرفەتێک دەگەڕێن قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناوبەرن، ئێستا قسەکان لەسەر ئەوەیە هەرێمی کوردستان نەمێنیت، عێراق بە سیستەمی پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، هەر بۆیە دواخستنی هەڵبژاردنەکان هەموو ئەم مەترسییانە زیاتر دەکات بۆسەر قەوارەی هەرێم.

بەوتەى ئەو ڕۆژنامەنووسە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا سەر لەبەری سیستەمی حوکمڕانی بەرگێکی نوێ و حکومەتێکی نوێ دروست دەبێت و لایەنە سیاسییەکان هەریەکە بەتایبەتمەندی و بەرنامەی جیا جیا دەچێتە پەرلەمان کوردستان و کاروبارەکان دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و حکومەتێکی تازە دروست بیت بە سیستەم و بینین و دیدگای نوێ مامەڵە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی چواردەور و جیهانیش دەکرێت، ئەمانەی کە باسمان کرد باشییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ئەگەر ئەنجام بدرێت، دەشڵێت: بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت هیچ شتێکی باش چاوەڕێی هەرێمی کوردستان ناکات.

هەروەها ئارام هادی، باسی لە گرنگی بوونی پەرلەمان کردن، وتی: پەرلەمان لە حکومەت گرنگترە، بە جۆرێک زۆر کات لە وڵاتانی دیکەدا حکومەت هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام پەرلەمان لە جێ خۆیەتی و حکومەتێکی کاربەڕێکەر دروست دەکەن، بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارە ئیدارییەکان، بەڵام لە نەبوونی پەرلەماندا یاسا دانان و چاودێری کردنی نامێنیت و حکومەت دەبێتە حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ شەرعیەتێکی نامێنیت ئێستاش هەرێم لەو دۆخەدایە.

” دواخستنى هەڵبژاردن بە دڵی دووژمنانی کوردە”

بە بڕوای ئەو ڕۆژنامەنووسە، بەسەرچوونی سێ سەرۆکایەتییەکە بارودۆخی هاووڵاتییان بەرەوخراپتر دەڕوات و دۆخی هەرێمی کوردستان دەباتە ئاستێکی مەترسیدار، چونکە پێیوایە دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە دواخستنێکی ئاسایی نییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆژنامەنووس ئارام هادی، وتی: سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمدا شەلەلی تێکەوتووە و کارەکان وەک خۆی ناڕوات، پابەند نەبوون بە کاتی هەڵبژاردن، ئەمانە هەموو ئەو خراپانەیە بەدڵی دوژمنەکانی گەلی کوردە و پێگەی کورد لە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو خراپتر دەبات لەڕووی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کێشە و قەیرانەکانی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو قووڵتر دەڕوات و کێشەی نوێش دێتە ئاراوە.

هـ.ح

Comments are closed.