چەمچەماڵ
لە مەراسیمێکدا نامیلکەی “بوێربە” ناسێندار و بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن نوا هەڵمەتی دوانزە ساڵەوە لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی هەروەها وەرگێرەکە دەڵێت: دەمەوێت جگە لە زمانی ئینگلیزی فێری زمانی ئیسپانی ببم و بەردەوام دەبم لە نووسین و خزمەتی زیاتری زمانی کوردی بکەم.
ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕۆشنبیری شارۆچکەی چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە مەراسیمێکدا نامیلکەی “بوێربە” ناسێندرا و بڵاوکرایەوە، لە وەرگێڕانی نوا هەڵمەت هۆشیاری تەمەن دوانزە ساڵە، چالاکییەکە لە لایەن بەشی ڕۆشنبیری منداڵانی چەمچەماڵەوە ئامادەکرابوو.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا لە لایەن چەند منداڵێکی ئامادەبووەوە گۆڕانییەک پێشکەشکرا، کە باسی لە هاندانی منداڵان دەکرد بۆ نووسین و خوێندنەوە.
پاشان نوا هەڵمەت هۆشیار باسی لە ناوەڕۆکی نامیلکەکەی بۆ ئامادەبووان کرد و سووپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە هاوکاری بوون لە وەرگێڕانی ئەو نامیلکە کتێبەیدا، بە تایبەت دایکی و باوکی، کە زۆر هاوکاری بوونە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکەی و وتی: دەمەوێت جگە لە زمانی ئینگلیزی فێری زمانی ئیسپانی ببم و بەردەوام دەبم لە نووسین و خزمەتی زیاتری زمانی کوردی بکەم.
دواتر، لەتیف فاتیح فەرەج، وەک نووسەرێک وتەیەکی پێشکەش ئامادەبووان کرد و تێیدا دەستخۆشی لە دایک و باوک و مامۆستایانی نوا هەڵمەت کرد و پاڵپشتیی کرد، کە بەردەوام بێت لە نووسین و خوێندنەوە.
هەروەها لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ و خانەی منداڵانی چەمچەماڵ و کاروان عوسمان شوانی، چەند خەڵاتێکی ڕێزلێنان پێشکەشی نوا هەڵمەت کرا، لە کۆتاییدا لەلایەن وەرگێڕەوە، نامیلەکەکە بە دیاری پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
ب. جـ
Comments are closed.