هاوشێوەی کۆیە هاوڵاتییانی سکتانیش ڕێگایان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخست

کۆیە

دوای ئەوەی هاوڵاتییانی كۆیە ڕێگایان لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان داخست، ئەمڕۆ دانیشتوانانی شارەدێی سكتانیش ڕێگای سنوورەكەیان بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخست.

دوای داخستنی ڕێگەی کۆیە بە ڕوویاندا، شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ڕوویان لە ڕێگەی سکتان و هیران کرد، بەڵام دانیشتووانی شارەدێی سکتان ڕێگەیان لێگرتن و ناهێڵن هیچ بارهەڵگرێک بەو ڕێگەیەدا هاتوچۆ بکات.

ئیسماعیل قادر، دانیشتوویەکی سکتان، بە ڕۆژنیوزی وت: “بەشێکی ڕێگەکەمان ساڵێکە نۆژەنکراوەتەوە و بەشێکی تریشی کە زۆر وێرانە، بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی بارهەڵگرەکان کە بەو ڕێگەیەدا دێن، ئەوەندەی تر وێران بووە، جگە لەوەی شەو و ڕۆژ خەڵکی شارەدێكەیان بێزارکردووە لە دەنگی بەرزیان و ئەو جەنجاڵییەی کە درووستی دەکەن.

ئارام ئیسماعیل، یەكێكی تر لە هاوڵاتییانی ناڕازیی سکتان وتی: داواكارین چیتر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بە ڕێگای سكتاندا هاتوچۆ نەكەن چونكە بوونەتە هۆكاری زیادبوونی ڕووداوی هاتوچۆ و تێكدانی ڕێگاوبانەكان.

وتیشی: تا لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دەدۆزنەوە بەردەوام دەبین لە داخستنی ڕێگاكە و خۆپیشاندان.

لەمبارەیەوە ڕۆژنیوز پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیداری سنورەكەوە كرد بەڵام هیچیان بەردەست نەبوون.

ب.گ

Comments are closed.