بۆچی پێویستە نەخۆشى شەكرە لە ژنانى دووگیاندا كۆنترۆڵ بكرێت؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر دیمەن حسێن دەڵێت، کۆنتڕۆڵکردنى شەکرە لە ژنانى دووگیاندا گرنگە، چونکە دەبێتە هۆى رێگرتن لە مەترسی لەبارچوونیان لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، كە ئەوانە دوو مەترسی گەورەن لەبارەی دووگیانی و نەخۆشی شەكرەوە .

دکتۆر دیمەن حسێن، پسپۆڕیی نەخۆشییەکانیی ژنان و منداڵبوون لە نووسینێکدا باس لە گرنگییەکانى کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشى شەکرە لە ژنانى دووگیاندا دەکات.

ژنانى توشبووى شەكرە لە جۆری یەكەم یان دووەم ئەوان لەكاتی دووگیانیدا رووبەڕووی كێشەیەكی دیکە دەبنەوە و مەترسی ئەوەیان بۆ زیاد دەبێت، كە ئاخۆ ئەو نەخۆشییە كاریگەری بۆسەر خۆیان و كۆرپەكەیان هەیە.

بۆچی پێویستە كۆنترۆڵی شەكرەی ژنانى دووگیان بكرێت؟

كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن پێش و لە كاتی دووگیانیدا باشترین رێگەیە بۆ رێگرتن لەو کێشانەى، کە نەخۆشی شەكرە درووستیان دەكات و لەوانەش:-

یەکەم– رێگرتن لە مەترسی لەبارچوون یان لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، كە ئەوانە دوو مەترسی گەورەن لەبارەی دووگیانی و نەخۆشی شەكرەوە.

دووەم– رێگرتن لە مەترسییەكانی زوو لەدایكبوون، هەرچەند باشتر كۆنترۆڵی ئاستی شەكری خوێن بكرێت ئەگەری زوو لەدایکبوون كەمتر دەبێتەوە.

سێیەم– رێگرتن لە تووشبوون بە كەموكوڕی زگماكی، ئەگەر كۆنترۆڵی ئاستی شەكرەی خوێن بكرێت لە سەرەتای دووگیانیدا، رێگرییەكی زۆر لە درووستبوونی كێشەی زگماكی لە كۆرپەلە دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەستن بە مێشك و بڕبڕەی پشت و دڵەوە.

چوارەم– رێگرتن لە زیاد گەشەكردنی كۆرپەلە، ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵی شەكرە نەكرا، كلوكۆزی زیاد لە رێگەی وێڵاشەوە دزە دەكات و پەنكریاسی كۆرپەلە هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی زیاتر و ئەوەش وا دەكات، كە قەبارەی كۆرپەلە زۆر گەورە بێت و كێشەی لەدایكبوونی بۆ دروست بێت و بەلەدایكبوونی ئاسایی زیانی بەركەوێ.

پێنجەم– رێگرتن لە درووستبوونی كێشە بۆ دایك، كۆنترۆڵكردنی شەكرە مەترسییەكانی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و ژەهراویبوونی دووگیانی زیاد دەكات.

شەشەم– رێگرتن لە كێشە بۆ كۆرپەلە، وەك هەناسە توندی و دابەزینی رێژەی شەکر لە خوێنی کۆرپەلەدا.

حەوتەم– كۆنترۆڵكردنی شەكرە یاریدەرە بۆ ئاستێكی ئاسایی شەكرە و كالیسیۆم و مەگنسیۆمی خوێنی كۆرپەلە و پاراستنی لە زەردوویی لە دوای لەدایكبوون.

ئ.م

Comments are closed.