کۆمەڵکوژیی هەولێر تا سلێمان ئەحمەد.. زنجیرەی تاوانەکانی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەگەر لە مێژووی پەدەکە ڕابمێنین، جگە لە سیخوڕیی، تیرۆر، ڕفاندن، ئەشکەنجە، خیانەت، شتێکی دیکە بەدی ناکرێت کە جێگەی شانازیی بێت بۆ گەل، نموونەش بۆ ئەمە کۆمەڵکوژیی هەولێر، تیرۆرکردن و زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدە.

دوای ئەوەی لە ١٤ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٧، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ٢٠٠ هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنی بۆسەر گەریلاکانی ئازادیی دەستپێکرد و لە چاوەڕوانی شکست و بەرخۆدانی کەم وێنەی گەریلادا نەبوو، پاش دوو ڕۆژ و لە نیوەڕۆیەکی گەشدا، پەدەکە بە جارێک هەولێری کرد بە پارچەیەک خوێن و ٨٣ هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس، ئازادییخواز و برینداری پەکەکەی بێ چەکی کۆمەڵکوژ کرد.

هێزەکانی پەدەکە لەیەک کاتدا هێرشیانکردە سەر بارەگاکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادیی ژنانی کوردستان، نەخۆشخانەی گەریلا بریندارەکانی مانگی سووری کورد، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی وەتەن شەمس.

بە هۆی ئەو هێرشانەوە ٨٣ کەس شەهید یان بێسەروشوێن کران، لەو ژمارەش ٢٠ کەسیان پیشەیان ڕۆژنامەنووس و لەجێی چەک قەڵەم بەدەستبوون، بەڵام تا ئێستاش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە ئاخۆ شەهیدبوون یان چیان لێ بەسەر‌هاتووە.

پەدەکە و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان دووانەیەکی لێکدانەبڕاو

هەرچەندە لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە و بەرفراوانبوونی دەنگە ناڕەزایی و ئازادەکان، چاوەڕوان دەکرا کە ئازادیی ڕادەڕبڕین لە باشووری کوردستان فەراهەمبکرێت، بەڵام جارێکی دیکە پەدەکە بە تیرۆرکردنی هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان (سەردەشت عوسمان، سۆران مامەحەمە، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین) درێژەی بە سیاسەتە قێزەوەنەکانی دا و هەر کەسێک بەپێی بەرژەوەندییەکانی کارنەکات ڕووبەڕووی مەرگی دەکاتەوە.

پەدەکە بۆ پەردەپۆشکردنی کردەوەکانیشی هەر جارێک بە سیناریۆیەکی داتاشراو ڕاستینەی بابەتەکان دەشێوێنێت و دەیەوێت وەک بەرزەکی بانان خۆی قوتار بکات، بەڵام جارێکی دیکە پیلانەکانی سەراوژێر دەبن و هیچ گومانێک لەلای گەل ناهێڵێتەوە.

زیندان، ڕاوەدوونان و ڕفاندن.. تاوانێکی دیکەی پەدەکە

ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن بەشێکی سەرەکی تاوانەکانی پەدەکەیە، نەک تەنها بۆ کەسانی ئازادییخواز و وڵاتپارێز و ڕۆژنامەنووس بەڵکو ئەم کردەوەیە کادرەکانی خۆشیان دەگرێتەوە و ڕفاندن و تیرۆرکردنی “نافع ستوپی بارزانی و مەسعود گۆران” و دەیان کادری دیکەیان بەڵگەی ئەو ڕاستییەن.

گەر سەرنج بخەینە سەر زیندانەکانی پەدەکە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەوا تەنها وێنەی ئەو کەسانەی ڕفێندراون یان خزێندراونەتە زیندانەکان هێندەی پانتایی قەڵای هەولێر دەبێت، بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژنیوز زیندانەکانی پەدەکە هەمیشە پڕن لە کەسانی ئازادییخواز و ڕۆژنامەنووس کە ڕادەستی پەدەکە نابن.

تەنها لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، لەلایەن پەدەکەوە لە سنووری بادینان، ٨١ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر کران، بەشێکیان تا ئێستاش لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.

هەروەها، لە کۆتا کردەوەشدا، ئاسایشی پەدەکە، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە ڕاگەیاندنی ئازاد ڕفاند و تا ئەمڕۆش ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادەن سەردانی بکەن، هەروەها هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخی تەندروستییەوە نازاندرێت.

ئەمڕۆ، کە ٢٧مین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەولێرە، تا ئێستا کەس نازانێت تەرمی ئەو شەهیدانە چییان بەسەرهاتووە و لە کوێ نێژراون، بە بەردەوام کەسوکارەکانیان بە ئومێدەوەن گەر تەنها ئێسک و پرووسکێکیش بێت بەدەستی خۆیان سپاردەی خاکی بکەن، بەڵام نە پەدەکە و نە حکومەتی هەرێم هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نادرکێنن.

لێرەدا دەپرسین، پەدەکە دەیەوێت تا کەی تەرمی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی هەولێر ڕادەست نەکات و لە سیاسەتەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام بێت؟

ب. جـ

Comments are closed.