سینەماکارێک: پێویستە دامەزراوەیەک هەبێت بۆ پاراستنی زمانی کوردی

بڕوا ئەسعەد

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی کوردیەوە، سینەماکارێک داواکارە دامەزراوەیەکی فەرمی چاودێری میدیا و کارە هونەریەکان بکات، بۆ ئەوەی زمانى کوردى پارێزراوبێت لە وشەی بیانی.

١٥ـی گوڵانی هەموو ساڵێک وەک جەژنی زمانی کوردیی دەستنیشان کراوە، لە سەر پێشنیاری کۆنگرەیی نەتەوەیی کورد- کەنەکەوە، لەو ڕۆژەدا لە هەرچواربەشی کوردستان چالاکی ئەدەبی و جیاواز بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە پاراستنی زمانی کوردیی، ئەو هونەرمەندە خاوەن بیرۆکەیەکە بۆ پاراستنی زمانی کوردی، لە ڕێگەی ئامێرەوە، کە ڕێگری لە تێپەڕبووبنی وشە بیانیەکان دەکات، هەمان کات داوا دەکات حکومەت دامەزراوەیەکی هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە زمانە بیانیانیەکان.

هاوار مستەفا
هاوار مستەفا

سینەماکار هاوار مستەفا خان بە بۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە، لە بارەی ڕۆڵی سینەما لە پاراستن و بەهێزکردنی زماندا وتی: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، پڕوپاگەندەی کاڵای بازرگانییەکان لە میدیادا (ڕیکلام) زۆربووە، زۆر بە باشی سەرەنجم داوە، ڕیکلام هەیە سێ وشەیە دووانی عەرەیبیە، بۆیە کاریگەرییەکەی زۆر زیاترە لە ئاخاوتنی ڕۆژانەمان، چونکە ئەمە منداڵ فێر دەکات، من ڕۆژانە هەوڵ دەدەم لە ژیانی ئاسایمدا بە کوردی پەتی قسە بکەم، بەڵام لای نەوەی ئێستا قسەکردن بە پەتی خەم و خەون و پەژارە نییە، بە داخەوە لە سینەماشدا بینوومە وشەی وەهایان بە کارهێناوە، لەوانەیە لە بەرامبەریدا پێنج وشەی کوردی هەبێت.

هاوار مستەفاخان ئاماژەی بەوەشدا، من پێموایە دەبێت نووسەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر، هەموویان کار لە سەر ئەوە بکەن، لە فیلمدا وشەی بیانی بەکار نەهێنن، کاتێک من سینارێۆیەک دەنووسم و چاپی دەکەم، هەوڵ دەدەم هەرچی وشەی بیانی و لابەلایە دووری بخەمەوە، بەڵام ئەوە بە تەنها بە من ناکرێت، چونکە من تەنها نووسیوومە، دواتر لای دەرهێنەر دەبێتە بەرهەمێکی سینەمایی یان تەلەفیزۆنی، لەوانەیە دەرهێنەر بێ ئاگاداری من گۆڕانکاری بکات.

ئەو سینەماکارە بۆ یەکەم جار یەکێک لە بیرۆکەکانی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد و وتی: بیرم لە پڕۆگرامێک کردووەتەوە بۆ یەکەم جار ئەیڵێم، کە ئامێرێکی زیرەکی دەستکرد دروست بکرێت، هەرکاتێک هەر کەسێک لە قسە یان نووسینەکانیدا، وشەی بیانی بەکارهێنا، ڕاستەۆخۆ لە ڕێگەی ئامێرەکەوە ئاگادار بکرێتەوە، هەمان ئامێر وشە ڕاستەکەی پێ بڵێت، ئەو کاتە دەبێتە مایەی شەرم لە ناو فیلم و دراماکاندا وشەی بیانی ببیسترێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت هاوار مستەفا وتی: پێویستە حکومەت دامەزراوەی هەبێت و ڕێگری لە وشە بیانیەکان بکات لە شاشەدا، بە فیلم و دراما و ڕیکلامیشەوە، تەنانەت سزاشی لەسەربێت.

ش. ئـ

Comments are closed.