کەژەکە: ژن کۆمەڵگە دەکاتە خاوەنی زمان

ناوەندی هەواڵەکان

کەژەکە بە بۆنەی ١٥ـی ئایار ڕایگەیاند، ژن کۆمەڵگا دەکاتە خاوەنی زمان، هەروەها بانگەوازی لە ژنانی مامۆستا، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوانان و نووسەر، دایکان و گەلی کورد کرد، لە دژی هێرشی سیاسەتەکانی تواندنەوە، قڕکردنی کەلتووریی، نەژادپەرستی، خاوەنداری لە زمان و چاندی خۆیان بکەن.

کۆمیتەی پەروەردەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵانی ژنانی کوردستان – کەژەکە، بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردیی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، تێیدا تیشکی خستووەتە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنان، کە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی دەوڵەتان بەرخۆدان دەکەن و خۆیان تەسلیمی چاندی تواندنەوە نەکردووە، بە ڕۆڵییان وایانکردووە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان زمانی کوردی بەردەوام بێت.

کەژەکە لەسەرەتادا ئاماژەی بەوە کردووە، زمانی کۆڵەکەی سەرەکی هەبوونی گەلان دەردەخات، هەر گەلێک بە زمانی خۆیەوە ناسنامە، کەلتوور و ژیانی خۆی دەردەبڕێت، لەگەڵ گەلانی دەوروبەری پەیوەندی ساز دەکات، کەلتووری هەموو گەلێک لە زمانەکەیدا شاراوەتەوە، بۆ گەلی کوردەوە ئەوە زیاتر واتادارە، لەبەر ئەوەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوانەی یەکەم کەلتووری نیۆلیتیکیان بونیادناوە گەلی کوردن، هەربۆیە ئەم شارستانیەتەی کە ئێمە تیایدا دەژین سەرچاوەکەی بۆ ئەو شۆڕشەی نیۆلیتیک دەگەڕێتەوە، ئەو شۆڕشە کەلتوورییەی کە، بە دەوری ژنەوە دامەزراوە.

دەشڵێت: بەو هۆکارەیە ئەمڕۆ ئێمە باس لە زمانی دایکی دەکەین و ژن لە پرۆسەی مرۆڤبووندا کۆمەڵگا دەکاتە خاوەنی زمان، هەربۆیە کاتێک لێکۆڵینەوە لە کۆنترین زمانەکانی جیهان بکەین، تیایدا کاراکتەری مێینە دەبینین.

دووپاتی کردووەتەوە، کە گەلی کورد تا ئەمڕۆ توانیویەتی بە زمانەکەی بوونی خۆی و ناسنامەکەی بپارێزێت و بەرامبەر هەر جۆرە کۆمەڵکوژیەکی فیزیکی و کەلتووریی بوەستێتەوە.

تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە جوگرافیای کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، سیاسەتی تایبەتی سەرکوتکارییان بەسەر گەلی کورددا سەپاندووە، هەوڵیانداوە زمانی کوردی بتوێننەوە، بۆئەوەی منداڵانی کورد لە کوردبوونیان دوور بخەنەوە زمانی کوردییان قەدەغە کردووە، چونکە دەیانەوێت نەوەیەکی نوێ دروست بکەن کە لە خۆی نامۆ بێت، بەو سیاسەتە دەیانویست هەست و مێشکی کورد لە یەک داببڕن و پارچەی بکەن.

کەژەکە جەختدەکاتەوە لەوەی، ئەگەر بەشێکیش لەو سیاسەتی تواندنەوە ئەنجامی بەدەستهێنابێت، بەڵام گەلی کورد بە خاوەنداریکردن لە زمانی خۆی ئەوە دەسەلمێنێت گەلی کورد ناتوانرێت لە ناو ببرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێت: بۆیە بە بۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە بانگەوازی لە ژنانی مامۆستا، ژنانی ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوانان و نووسەر، دایکانی کورد و گەلی کورد دەکەین! بە دروشمی “چاند جەستەیە، هەبوونە، زمانیش دڵی چاندە، جەستەی کۆمەڵگەی مرۆڤە، لە دژی هێرشی سیاسەتەکانی تواندنەوە، قڕکردنی کەلتووریی، نەژادپەرستی، خاوەنداری لە زمان و چاندی خۆیان بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.